کێشەی ئاوات بۆکانی هاوڕێکانی لەسەر چی بووە ؟

کێشەی ئاوات بۆکانی هاوڕێکانی لەسەر چی بووە ؟


ئەو دوو گەنجەی شەوی 9/1/2019 لەلایەن گۆرانیبێژی میللی ئاوات بۆكانییەوە لە ناوچەی گەشتیاریی چنارۆكی سەر بە قەزای كۆیە تەقەیان لێكرا، دەڵێن ئەو بە نیازی كوشتن تەقەی لێكردوون. پۆلیسیش فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئاوات بۆكانی و ژنبراكەی دەركردووە.

میڤان عوسمان مەجید، تەمەن 31 ساڵ، چەند ساڵێكە لە فەرەنسا دەژیت و نزیكەی مانگێكە گەڕاوەتەوە هەولێر، بڕیار بوو ئاوات بۆكانی گەعدەی بۆ بكات، بەڵام برینداری كرد. میڤان بە (رووداو)ی گوت: "نزیكەی 7 ساڵە ئاوات بۆكانی دەناسم و دەیان گەعدەی بۆ كردووم، پەیوەندییەكی برایانەی زۆر باشمان هەبوو، بەڵام سەرم سوڕماوە بۆچی تەقەی لێكردین".

چەند رۆژێك پێش رووداوەكە میڤان پەیوەندی بە (ه.ع)ـەوە كردبوو كە لەگەڵ ئاوات بۆكانییە بۆ ئەوەی گەعدەیەكیان بۆ بكات، بەڵام ئەو گوتبووی گەعدەی دیكەیان هەیە و چەند رۆژێك چاوەڕێ بكەن.

میڤان دەڵێت: "ئێوارەی 9/1/2019 لەگەڵ كاروان لە پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل بووین لە هەولێر، ئەو تەلەفۆنی كرد و گوتی ئێستا لە باخێكی چنارۆك لە كۆیە گەعدەیەكمان هەیە، تاوەكو ئێوە دەگەنە شوێنەكە ئێمەش تەواو دەبین و دەتوانین هەر لەوێ بیكەین، (ه.م) داوای 1100 دۆلاری كرد بۆ یەك كاژێر، بەڵام لەبەر هاوڕێیەتی چەند ساڵەمان بە 700 دۆلار رێككەوتین".

كاروان عەبدولكەریم، تەمەن 28 ساڵ و میڤان مەجید بەیەكەوە چوونەتە باخەكە، بەڵام وەكو خۆیان دەڵێن، لەلایەن ئاوات بۆكانی و چەند كەسێكەوە هێرشیان كراوەتە سەر. كاروان بە (رووداو)ی گوت :"بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆم چووین، كە گەیشتینە ناو باخەكە، میڤان دابەزی و لەگەڵ ئاوات بۆكانی یەكدییان ماچ كرد، بەڵام كە منی بینی پێیگوتم تۆ بۆچی هاتووی؟ پێم سەیر بوو، بەخێرایی چووە ژوورەوە، كە هاتەوە دەرێ دەمانچەی پێبوو، تەقەی لە من كرد و گوللـەیەك بەر قاچی چەپم كەوت، میڤانیش هاواری كرد و بەرەوڕووی ئاوات رۆیشت، بەڵام سێ گوللـەی لە هەردوو قاچی ئەویش دا و كەوتە سەر زەوییەكە."

كاروان پێیوایە كە ئاوات بۆكانی و ئەوانەشی لەگەڵی بوون بەمەبەستی كوشتن تەقەیان لێكردوون، چونكە دەڵێ :"من لەبەرئەوەی پۆلیسم چەكم پێبوو، زانیم دەیەوێت بمانكوژێت، دەستم بۆ دەمانچەكەم برد، (ه. ع) چەكەكەی لێوەرگرتم، ئاوات بۆكانی و سێ میوزیسیانی دیكە بە دەمانچە و (م)ی كوڕە خەزووریشی بە كڵاشینكۆف تەقەیان لێكردین، تەنانەت بە دەمانچەكەی خۆشم تەقەیان لێكردین، گوللـەیەكی دیكەش بەر سكم كەوت و كەوتمە سەر زەوی، ئاوات بۆكانی بە دەمانچەوە هاتە سەر سەرم و پێیگوتم ئێستا بتكوژم؟ بەڵام ئەوانی دیكە بە شەق و پێلەقە لێیاندام و هەموویان هەڵاتن".

كاروان و میڤان وەكو خۆیان باسی دەكەن، زیاتر لە كاژێرێك لەسەر زەوییەكە كەوتوون، دواتر كەسێك رزگاری كردوون، كاروان دەڵێ: "شوێنەكە باخ و ڤێلای زۆری لێبوو، بەڵام چۆڵ بوو، بەفر دەباری و كەشوهەواكەی زۆر سارد بوو، ئێمەش خوێنمان لەبەر دەڕۆیشت، من تووشی خوێنبەربوون ببووم، پێمانوانەبوو كەسێك بەم شەوە بەفریامان بكەوێ‌، كەسێك هات كە من پێیدەڵێم فریشتە بوو، بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆمان ئێمەی برد بۆ نەخۆشخانەی كۆیە و لەوێشەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسییان كردین لە هەولێر".

بەگوتەی دوو گەنجەكە، بێجگە لە برینداركردنیان، پارەشیان لێبردوون، میڤان مەجید گوتی: "سەرەتا دەمانچەكەی كاروانیان برد، لەكاتی تەقەكان ویستم پەیوەندی بە هاوڕێیەكمەوە بكەم و ئاگاداری بكەمەوە، بەڵام مۆبایلەكەیان لێستاندم و بە بۆكس لێیاندام، زیاتر لە دوو هەزار دۆلاریشیان لێبردم".

كاروان كە ماوەی 8 ساڵە ئاوات بۆكانی دەناسێت، دەڵێت چاوەڕوانی كارێكی وا نەبووە لە ئاوات بۆكانی: "نزیكەی 8 ساڵە ئاوات دەناسم، ئێمە كردمان بەو ئاوات بۆكانییەی ئێستا، گەعدەمان پێدەكرد و بە خەڵكمان دەناساند. دەیانجار بە نیوەشەو هاتووەتە ماڵەكەم خزمەتم كردووە، بە پارەی من ئۆتۆمبێلێكی كڕیوە، بەڵام بەم شێوەیە وەڵامی چاكەكانی داینەوە".

دوو گەنجەكە سكاڵایان لەسەر ئاوات بۆكانی و ژنبرایەكی بەناوی (م) تۆمار كردووە، كاروان دەڵێ: "لەدوای رووداوەكە ئێمەیان برد بۆ نەخۆشخانەی كۆیە، لەوێ وتەیەكی سەرەتاییمان داوە بە پۆلیس و سكاڵامان لەسەر ئاوات بۆكانی و (م)ی كوڕە خەزووری تۆمار كردووە، بەڵام 3 كەسی دیكەش لە ستافەكەیان تەقەیان لێكردین و بەشداربوون، بۆیە لە چەند رۆژی داهاتوو سكاڵا لەسەر ئەوانیش تۆمار دەكەین".

عەمید عەلی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە لەبارەی رووداوەكە و لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بە (رووداو)ی راگەیاند: "شەوی 9/1/2019 بریندارەكان لە نەخۆشخانە وتەی خۆیان داوە، بەڵام لەبەر برینداری و نەشتەرگەری بۆیان وەكو پێویست سوودمان لە وتەكانیان وەرنەگرت، بەڵام زۆر بە روونی گوتیان كە ئاوات بۆكانی تەقەی لێكردووین و سكاڵایان لەسەر ئەو و كوڕە خەزوورەكەی هەبوو، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، چاوەڕێین نەشتەرگەرییان بۆ بكرێت و تەندوستیان جێگیر بێت، ئینجا وتەی تەواویان لێوەردەگرین".

سەبارەت بە دەستگیركردنی تۆمەتبارەكانیش، بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە گوتی: "ئەوان بۆ دەرەوەی قەزای كۆیە هەڵاتوون، بەڵام دوای وەرگرتنی زانیاری لە هەر شوێنێك بن، لە رێگەی پۆلیسی ئەو شوێنەوە دەستگیریان دەكەین".

لەکاتی بەشداریکردنی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لە بەرنامەی "بەرپرسیار" کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات، ئاوات بۆکانی ئاماژەی بەو رووداوە کرد کە چەند شەوێک پێش ئێستا لە کۆیە روویدا و بەهۆی تەقەکردنەوە دوو کەسی بریندارکرد.

ئاوات بۆکانی رایگەیاند، ئەو دوو کەسە هەڕەشەیان لێکردووە و ئەویش وەک بەرگریکردن لەخۆی تەقەکانی کردووە.

لە هەمان بەرنامەدا، ئەو دوو کەسەی برینداربوون ئاماژەیان بە رووداوەکە کرد و گوتیان، ئەو رۆژە لە فرۆشگەی کڕینی ئۆتۆمبێل بوون، ئاوات بۆکانی چەند رۆژێک پێشتر بەڵێنی پێداون گەعدەیان بۆ بکات، بەڵام دوای گەیشتنیان بەو شوێنەی بڕیاربووە گەعدە بکەن، ئاوات بۆکانی گوتوویەتی "بۆچی بەو ئوسلوبە ناشیرینە دێیتە ژوورەوە. بەو هۆیەوە دەمەقاڵێ دروستبوو و تەقەی لە هەردووکمان کردووە".

بەرپرسیار، لەم بەرنامەیەدا فۆکوس لەسەر کێشەی خەڵک دەکرێت. پاڵەوانی سەرەکی خەڵکن و زۆرترین ماوەی بەرنامەکە دەدرێتە ئەوان. لە هەر بەرنامەیەکدا باسی کێشەی کەسێک یان گرووپێک یان ناوچەیەک دەکرێت. بەشێکی بەرنامەکە تەرخاندەکرێت بۆ چارەسەری کێشەکە. هەروەها کۆمێنتی خەڵکیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەردەگیرێن.

زۆرجار پێشکەشکار خۆی دەچێتە شوێنی کێشەکە، بەدرێژایی بەرنامە پێشکەشکار هەوڵدەدات چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە. بۆیە پێشتر ساوندبایتی کەسێکی یاساناسی وەرگرتووە کە ئەویش پێشنیاز بۆ خاوەن کێشەکە دەکات کە چی بکات بۆئەوەی کێشەکەی چارەسەرببێت.

ئەو بەرنامەیە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات و سیداد لەشکری پرۆدیوسەری بەرنامەکەیە، پێنج رۆژی هەفتە (یەکشەممە تاوەکو پێنجشەممە) کاژێر 18:00 بە کاتی هەولێر پەخشدەبێت.