چیرۆکی سێگردکانییەکان

چیرۆکی سێگردکانییەکان

سێگردکان، دەکەوێتە سەر زێی بچووک لە سنووری قەزای کۆیە، شوینێکی سەر سەوزی ئەو دەڤەرەیە، هەموو خەڵکی ئەو ناحیەیە نەوەی یەک کەسن، کە ناوی جومعە دەربەندییە، ئەوان بە شێوەزاری کەلهوڕی قسە دەکەن، کە گوندەکانی دەوروبەری خۆیان هیچیان لێیان تێناگەن، دەڵێن کاتی خۆی جومعە دەربەندی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووەتە ئێرە، لەم فیچەرەدا زانیاری لەسەر بەسەرهاتی سێگردکانییەکان وەردەگرین.

ئێرە ناحییەی سێگردکانە، ناوچەیەکی تەواو تەڕ و بەراوەم دەکەوێتە سەر زێی بچووک، درەختەکانی ئیرە بە تەواوی تێر ئاون، شوێنێکی سەرز و سەرنجڕاکێشی دەڤەری کۆیەیە، زێی بچووک سنووری نێوان پارێزگەی هەولیر کۆیە لێرەوە جیا دەکاتەوە.

خەڵکی هەردوو بەری گوندەکە یەکدی دەناسن، بەڵام ئەگەر بیانەوێ سەردانی یەکدی بکەن، بەسەر ئەم پردە دارەدا دەپەڕنەوە، کە مەترسی بەربوونەوەی هەیە.

شێوەزاری سێگردکان لە تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری جیاوازە، ئەوان بە شێوەزاری کەلهوڕی قسە دەکەن، کە رۆژهەڵاتی کوردستان قسە پێدەکرێت.

حاجی عومەر، پیرترین پیاوی ناحییەی سێگردکانە، ئەو چیرۆکی سێگردکانییەکانی لە زمانی باپیرانییەوە بۆ نەوەی ئێستا دەگێڕێتەوە.

حاجی عومەر، بەتەمەنترین پیاوی سێگردکان دەڵێ "ئەم سەربردەیە، من ئەوەندەی بزانم جومعە دەربەندی باپیرمان،لە ئێرانەوە هاتووە لە دەربەندی شاهۆوە، جومعە لە جگیلەوە دەپەڕێتەوە دەچێتە گۆڕ قەرەج، لە گۆڕ قەرەج دادەنیشێ، لە پایزان ئاوی نامێنێ، دێنە سێگردکان، ئەو قولەتێرانە، جا ئەوە ئێستاش قوڵەتێرن، سێ کانی ئاوهای لێدەبێ، خۆی چوار ماڵ دەبن، بناغەی ماڵەکانیشت پێدەڵێم، عەولا گدەیە، رەسوڵ وەیسەیە، حاجی عەولا رەشە، خدر کاکییە".

دەگێڕنەوە، لە ساڵی 1733 "نادر شای ئەفشار" شای ئەوکاتی ئێران، لەشکرکێشی کردووەتە سەر ئەحمەد پاشا، کە پاشای باجەلانییەکان بووە لە کرماشان، بەم هۆیەوە ئەحمەد شا، لە رێگەی بەکرە جۆوە دێتە دووکان و لەوێشەوە بۆ کۆیە دواتر لە سێگردکان بە یەکجار نیشتەجێ دەبن.

سەربازانی نادر شاری ئەفشار، بەردەوام بە دوای ئەحمەد پاشادا دەگەڕێن، بۆیە ئەحمەد پاشا، ناوی خۆی دەگۆڕێ و بۆ جومعە دەربەندی.

مامۆستا دەرباز جەوهەر، لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر مێژووی هاتنی باجەلانییەکان کردووە بۆ سێگردکان ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ ئەو مێژووەیان بیرنەچێتەوە.

دەرباز جەوهەر، مامۆستای قوتابخانەی ناوەندی لە سێگردکان دەڵێ "هۆی نووسینی ئەو لێکۆڵینەوەیەی ئێمەم چەندین مامۆستا و چەندین خوێندکاری دیکە، کە لەسەر شێوەزاری ئۆمەرگومەتی و سێگردکانین، هەمووی بۆ ئەوەیەی، کە هەستیان بەوە کردووە، شێوەزارەکەمان بەرەو کاڵبوونەوە دەچێ، ئێستا مامۆستایەکی دیکەمان هەیە ناوی مامۆستا عومەر ئەحمەدە، دەیەوێ فەرهەنگێک لە شێوەزاری خۆمان لەگەڵ شێوەزاری سۆرانیدا، دروستبکات بەڵام ئێستا لەبەردەستییەتی، هێشتا تەواو نەبووە".

لە ناحیەی سێگردکان، قوتابخانەی بنەڕەتی و ناوەندی هەیە، بەشی هەرەزۆی قوتابییەکان بەشێکی مامۆستاکانیش خەڵکی ناحییەکەن و نەوەی جومعە دەربەندین.

مامۆسیاکان بە شیوەزاری خۆیان لە قوتابخانە بنەڕەتییەکە قسە دەکەن و وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە، هەروەها مێژووی بەسەرهاتی عکومەتی باجەلانییەکانیان بۆ دەگێڕنەوە تاوەکو لەبیریان بمێنێت.

مەلا خدر، یەکێک لە نەوەکانی جومعە دەربەندییە، پێشنوێژ و وتاربێژی ناحیەی سێگردکانە، ئەو رۆژانە لە مزگەوتەکەی پێشنوێژی دەکات، هەموو کاتی نوێژەکان بەرەو مزگەوت دەچێت بۆ ئەوەی نوێژەکەی بکات.

ئەو باسی حکومەتی باجەلانییەکانمان بۆ دەکات، کە بۆچی و لەسەرچی لەگەڵ شا نادری ئەفشار بەسەڕهاتوون.

مەلا خدر حەمەد، مامۆستای ئایینی سێگردکان دەڵێ "ئەوانە لە بەینی عێاق و ئێران هاتووچۆیان هەبووە، کاروانی قەتاری ئێران چووە بۆ بەغدا و کەرکووک و حیللە و دیوانییە و بۆ قەسپ بردن بۆ ئێران چوون، ئەوانیش مێوژو دۆشاو و چەندین بەروبوومیان گۆڕیوەتەوە، ئەوکات گۆڕینەوە هەبووە، ئەو گومرگەیان سەندووە، بەغدا بچووبان گومرگیان وەردەگرت، لەبەغدا بۆ ئێران بچووبان گومرگیان وەردەگرت، ماوەیەکی زۆر ئیدارە و ژیانێکی زۆر چاکیان بووەو حکومەتدارییەکی چەند ساڵیان کردووە، ئێران مەراقی لێیان خوارد و ئێران دژیان وەستایەوەو لەبەرئەوەی ئەم باج و گومرگەی بەبەر ئێران نەدەکەوت، ئەوان بەو باج و گۆمرگەوە ناویان دەرچووە،کە باج و گۆمرگیان نەسەندووە، باجەلانی بەو گومرگ و باج ناویان لەخۆیان ناوە".

ئێستا جومعە دەربەندی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام دەیان نەوەی لە باشووری کوردستان هەن و تاوەکو ئێستاش لە نێو ماڵەکانیان بە شێوەزاری خۆیان قسە دەکەن.

مەلا خدر، رۆژانە وانەی ئایینی لە ماڵەکەی بە فەقێیانە. وەکو خەڵکی گوندەکە باسی دەکەن، تەواوی دانیشتوانی ئۆمەرگومەت و ناحییەی سێگردکان، نەوەی 5 کەسن، کە هەرپێنجیان کوڕی جومعە دەربەندین. ئەگەرچی وێنەیەکی باپیرە گەورەیان لەبەردەست نییە، بەڵام چیرۆکی هاتنەکەیان دەگڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەی زایینی.

مەلا خدر حەمەد، مامۆستای ئایینی سێگردکان دەڵێ "هەر پێنج تایفەکەمان ماون، یەکیان پێیدەڵێن کاکی،یەکیان پێیدەڵێن مامی، یەکیان پێیدەڵێن خۆندی، یەکیان پێی دەڵێن شەلەوەندی، یەکیان پێێدەڵێن کوێخا سێوە، ئێمە وەچەی شەلەوەندین، بەهیچ شێوەیەک شێوەزاری خۆمان نەگۆڕێوە لەناو خۆمان، نەک لێرە لە هەولێریش لەوانەیە سەد دووسەد ماڵمان هەبێ، لە تەقتەق سەد ماڵمان هەیە، لە قوشتەپە هەمانە، لە کەورگۆسک هەمانە، لە کەرکووک ماڵێکی زۆرمان هەیە، هەتا ئێستا ئەوەی قسەی خۆمان نەگۆڕێوەو بەشێوەزاری خۆمان قسە دەکەین".

سێگردکان 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای قەزای کۆیە، بەهۆی بوونی سێگرد لەو شوێنە ئەو ناوەی لێنراوە. زۆربەی خەڵکەکەی بە کشتووکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن. بەشێکیشیان پێشمەرگەن
ژمارەی دانیشتوانی 3160 کەسە، هەروەها 200 بۆ 250 خێزان لەو ناحیەیە دەژین.

لەو دەڤەرە لە سەرەتای پایزەوە، تاوەکو کۆتایی بەهار باران دەبارێت، ئەو ناوچەکە لەرووی دارستانەوە فەقیرە، بەڵام گژوگیای زۆری سەر زورگەکانی لەوەڕگەیەکی باشە بۆ ئاژەڵ.

بەشی زۆری خەڵکەکە بە چاندنی خەیار و تەماتە و گەنم و جۆوە خەریک دەبن، بەهۆی بوونی ئاوێکی زۆر لە ناوچەکە، زەوییەکەی لەبارە بۆ چاندنی برنج.

هەروەها بەهۆی بوونی ماسی لە نێو زێی بچووک، شوێنێکی لەبارە بۆ راوەماسی.