کۆچبەران لە فەرەنسا کەمپێکی دیکە بۆ پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا دروستدەکەن

13-08-2018
لهۆن نەسرەدین
زۆربەی کۆچبەرەکان کوردی باشووری کوردستانن
زۆربەی کۆچبەرەکان کوردی باشووری کوردستانن
نیشانەکردن کۆچبەر بەریتانیا فەرەنسا کورد
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەکاتێکدا حکومەتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هەوڵدەدات لەگەڵ هاوتا ئەوروپییەکانی کێشەی زۆری ژمارەی کۆچبەر و پەنابەران چارەسەربکات، شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکەی بەجیدی رووبەڕووی قەیرانی کۆچبەران بوونەتەوە.

چەند کیلۆمەترێک لە باکووری کەمپی کالێ، بەدیاریکراویش لە شارۆچکەی گراندێ سانت، لە باکووری رۆژئاوای فەرەنسادا، سەدان کۆچبەری کوردی باشووری کوردستان لەنێو دارستانی ناوچەکە، کەمپێکی هاوشێوەی کەمپی کالێیان دروستکردووە.

سەرۆکایەتیی شارۆچکەی گراندێ سانت بە هاوکاری رێکخراوە مەدەنییەکان، ئاو و خواردن پێشکەش بە کۆچبەرەکان دەکەن.

ئۆلیڤەر کاریمێل، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکشارەوانی گراندێ سانت دەڵێ "گرووپێک یان چەند گرووپێک هەن کە بەدیاریکراوی کوردی عێراقن و ژمارەیان لە وەرزی هاویندا زیاتر دەبێت. بۆ ماوەیەکی زۆر ژمارەیان لە 300 کەس وەستا بوو. ئەمڕۆ، بەدەر لەوەی کە پۆلیس دەیڵێت، ئێمە ژمارەی خۆمانمان هەیە کە لەلایەن رێکخراوەکانیشەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئەویش نزیکەی 750 کۆچبەرە لەنێو شاردا".

کۆچبەرەکان لە کەمپی گراندێ سانت دەمێننەوە تاوەکو ئەو دەمەی رێگەیەک دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیێننە بەریتانیا کە دەکەوێتە ئەو بەری زەریای ئەتلەنتیکەوە.

زۆرترین رێگە کە لەلایەن کۆچبەرانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ دەربازبوونیان بەرەو بەریتانیا، خۆشاردنەوەیە لەنێو بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی کاڵاکان، بەڵام لەوەشدا مەترسیی دەستگیرکردنیان لەلایەن پۆلیسی بەریتانییەوە هەیە، کە ماوەی مانەوەی کۆچبەران لە کەمپەکاندا زیاتر دەکات و رێکخراوەکانیش دەستیان کردووە بە پێشکەشکردنی هاوکارییەکان. 

کلێر میلۆت، جێگری سەرۆکی رێکخراوی سەلام دەڵێ "دوو گەرماوی گەڕۆک هەن، رۆژانە لەدوای نیوەڕۆدا دێنە ئێرە هەروەها توالێتیش هەیە. لەراستیدا دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییانە ئەرکی حکومەتە، بەڵام حکومەت ئەو کارەی پشتگوێ خستووە و نووسینگەی سەرۆکشارەوانی ئەو کارە دەکات. ئەوەی کە کراوە تاوکو ئێستا هێشتا کەمە. شەش توالێت، 12 گەرماو هەن. بەبەراورد لەگەڵ ژمارەی کۆچبەرەکان زۆر کەمە، بەڵام ئەوە دابینکردنی لانیکەمی هاوکارییەکانە".

بەگوێرەی داتاکانی ناوەندەکانی کۆچبەرانی بەریتانی، لە ساڵی 2017ـەوە پۆلیسی بەریتانی زیاتر لە 56 هەزار کۆچبەری لە ناوچەی کێنت لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەستگیرکردووە، کە لە فەرەنساوە بە رێگەی قاچاخ خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە