شوێنەوارێکی گرنگی بەریتانیا 5000 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن کۆچبەرانەوە دروستکراوە

19-04-2019
رووداو @Rudawkurdish
مۆنیۆمێنتی ستۆنهەنج بە کۆمەڵیک بەرد دروستکراوە و مێژووەکەی بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە
مۆنیۆمێنتی ستۆنهەنج بە کۆمەڵیک بەرد دروستکراوە و مێژووەکەی بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە
نیشانەکردن بەریتانیا باکووری کوردستان
A+ A-

رووداو-لەندەن

توێژەنەوەیەکی نوێ دەریدەخات کە مۆنیۆمێنتی ستۆنهەنج لەبەریتانیا کە مێژووەکەی بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە لەلایەن کۆمەڵێک کەس دروستکراوە کە لەناوچەی ئەنادۆڵ (تورکیا و باکووری کوردستانی ئێستا) کۆچیان کردووە بۆ بەریتانیا.

توێژینەوەکە بێئەوەی ئاماژە بە رەگەزی ئەو کۆچبەرانە بکات، دەڵێت ئەو گرووپە لەچاخی بەردینی نوێ لەناوچەی ئەنادۆڵ بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە، بەشێکیان لەبەریتانیا گیرساونەتەوە و شێوازی دروستکردنی مۆنیۆمێنت لەبەرد و کشتوکاڵیان بەو وڵاتە ئاشنا کردووە. پێش گەیشتنی ئەو کۆمەڵە کۆچبەرە بە ئەوروپا، ژمارەیەک گرووپی بچووک و کۆچەری لەو کیشوەرەدا دەژیان کە پشتیان بە راوکردن و گیای بەهاری و گیانەوەرە دەریاییەکان دەبەست.

مۆنیۆمێنتی ستۆنهەنج بە کۆمەڵیک بەرد دروستکراوە کە بەرزی هەندێک لە بەردەکان دەگاتە چوار مەتر و پانی بەردەکانیش دوو مەتر دەبێت و ساڵی 1986 لە لیستی شوێنەوارە کەلەپورییەکانی یۆنسکۆ تۆمارکراوە. ستۆنهەنج ئێستا بووەتە یەکێک لەو هێمایانەی کە بەریتانیای پێدەناسرێتەوە. 

توێژینەوەکە لەبارەی سەرەتای کشتوکاڵکردن لەبەریتانیا ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری "نەیچەر ئیکۆڵۆجی ئەند ئێڤەڵووشن"ی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانەی ئەم بەردانەیان بەمجۆرە لە تەنیشت یەکتریدا داناون، نزیکەی شەش هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەنادۆڵەوە چوونەتە ئەوێ؛ ئەنادۆڵ زاراوەیەکی جوگرافیە کە تەواوی باکووری کوردستان و بەشێکی زۆری تورکیا لەخۆ دەگرێت. 

توێژینەوەکە دەریدەخات، کۆچبەرەکان بوونە دوو گرووپ؛ گرووپێکیان چوونە ئەوروپای ناوەڕاست و گرووپەکەی دیکەشیان بە کەناری دەریای ناوەڕاستدا بەرەو رۆژئاوای ئەوروپا کۆچیان کرد و گەیشتنە ئیبیریا کە ئیسپانیا و پورتوگالی ئێستا دەکات و دواتریش چوونە فەرەنسا و لەوێشەوە چوونەتە ناو بەریتانیا. 

توێژینەوەکە تیشک دەخاتەسەر یەکێک لە خەسڵەتە تایبەتییەکانی کۆچبەرەکان، ئەویش بریتی بووە لە تێکەڵنەبوونیان لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچەیە، کە ئەم گرووپەی دووەمیان زیاتر خەریکی راوکردن بوون. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە