واشنتن و بەغدا گفتوگۆ لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن

20-12-2017
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن واشنتن بەغدا
A+ A-

رووداو - هەولێر

گفتوگۆی چڕ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتی عێراق لەبارەی مانەوەی درێژخایەنی هێزەکانی ئەمریکا هەیە.

میدیای ئەمریکی ئاشکرای دەکات، دوای سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی داعش، گفتوگۆی چڕ لە نێوان واشنتن و بەغدا لەبارەی درێژنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هەیە.

بەپێی هەواڵەکە، هەردوو وڵات دەیانەوێت خۆیان دوور بگرن لە دووبارە بوونەوەی رووداوەکانی 2011، لە کاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چوونەدەرەوە، بەهۆی لاوازبوونی هەژموونی قاعیدە و دابەزینی ئاستی تووندوتیژییەکان، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 3 ساڵ رێکخراوی داعش دەستیان بەسەر موسڵ و چەند شارێکی دیکەی عێراق داگرت.

بەرپرسانی ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، ئەمریکا و عێراق، قەبارەی ئەو هێزە و پێکهاتەکەی بە تێپەڕبوونی کات دیارینەکردووە و تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی مانەوەی درێژخایەن لە عێراق رێککەوتنی لەسەر نەکراوە، بەو پێیەی حکومەتی عێراق ژمارە و پێکهاتەی کۆتایی ئەو هێزە دیاریدەکات.

هێزەکانی ئەمریکا لە 2003 تاوەکو 2011  بەپێی رێککەوتنێک لە عێراق بوون، دواتر ئۆباما وەک بەڵێنی دابوو لە ساڵی 2011 هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق کشاندەوە. بەهۆی شەڕی داعش لە 2014 جارێکی دیکە هێزەکانی ئەمریکا گەڕێندرانەوە بۆ عێراق، کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە پێنج هەزار راوێژکاری سەربازی و سەرباز و چەند هێزێکی تایبەت.


پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە