ڤیدیۆ؛ دایکێک دوو منداڵەکەی لەسەر پردێکەوە لە بەغدا فڕێدەداتە نێو رووباری دیجلە

18-10-2020
عومەر شایان
کلیک بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە
کلیک بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە
نیشانەکردن بەغدا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دایکێک لە بەغدا تەنیا بە هۆکاری ئەوەی دەیەوێت مێردی پێشووی لە ئازاری دووری لە منداڵەکانی تێبگەیێنێت، هەردوو منداڵەکەی فڕێدەداتە نێو رووباری دیجلە و دەیانکوژێت.
 
ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراوەتەوە کە لە کامێرەی چاودێرییەوە و لە کاژێر 00:19 خولەکی شەوی 17-10-2020 تۆمارکراوە. تێیدا دەردەکەوێت کە ژنێک دوو منداڵەکەی دەباتە سەر پردێک و لەوێوە فڕێیان دەداتە خوارەوە.
 
بەپێی ئاژانسە هەواڵییە عێراقییەکان، ژنەکە تەڵاق دراوە، ئەویش بەهۆیەوە کوڕ و کچەکەی دەباتە سەر پردی ئەئیممە لەنێوان ئەعزەمییە و کازمییە لە بەغدا و هەردووکیان فڕێدەداتە نێو رووباری دیجلە.

 

 
دوابەدوای رووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە هەوڵدەدرێت کە منداڵەکان رزگاربکرێن، بەڵام هەوڵەکانیان ئەنجامی نابێت. دواتر هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ژنەکە دەستگیر بکەن.
 
ژنەکە دوای دەستگیرکردنی گوتوویەتی ماوەی سێ مانگە لە مێردەکەی جیابووەتەوە و منداڵەکان لای باوکیان دەمانەوە، ئەویش تەنیا لەکاتێکی دیاریکراودا دەیتوانی بیانبینێت و ئەوە ئازارێکی قووڵی لە ناخیدا دروستکردووە.
 
دایکی منداڵەکان دەڵێت، بەبیانووی ئەوەی دەیەوێت منداڵەکانی بباتە زیارەتی ئیمام کازم، کچ و کوڕەکەی لە باوکیان وەردەگرێت، درەنگانێکی شەو هەردووکیان دەباتە سەر پردەکە و لەوێوە منداڵەکانی فڕێدەداتە نێو رووباری دیجلە. 
 
سەبارەت بەوەی چۆن ئەو کارەی کردووە و هۆکارەکەی چی بووە، ژنەکە بە پۆلیسی راگەیاندووە، چۆن باوکیان منی لە منداڵەکانم دوورخستەوە و بێبەشی کردم لە بوون لەگەڵیان، منیش ویستم هەمان کار لەگەڵ ئەو بکەم، منداڵەکانم فڕێدایە نێو رووبارەکە تاوەکو ئەویش هەست بەو ئازارەی من بکات ( بێبەش بوون لە منداڵەکانی). 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە