رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ پێنجشەممە درێژەیدا بە دابەزینە گەورەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی و نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 61 دۆلار دابەزیوە.
سعودیە، یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا، رۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوەدا کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی ئەمریکا، نیگەرانی دروستکردووە لەسەر قەبارەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت. ئەگەری خستنەڕووی زۆر و کەمبوونەوەی خواست، دواجار بووەتە هۆکاری دابەزینی بەرچاوی نرخەکانی نەوت.
ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنت، لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا 35 سەنت دابەزی و بە 61 دۆلار و 6 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش، 20 سەنتی دیکە دابەزی و بەرمیلێکی بە 58 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە رۆژی چوارشەممە بە تەنیا نرخەکانی نەوت 2 دۆلار دابەزین. ئەم هەفتەیە نرخی نەوت 5 دۆلار لە بەهای خۆی لەدەستداوە.
بەرپرسانی سعودیە بە هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان لە ئۆپێک پڵەس گوتووە، بەرگەی نرخە نزمەکانی نەوت دەگرن و بەنیازنین چیدیکە تەنیا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان خۆبەخشانە کەم بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ