پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان: نرخی زێڕ دابەزینێک قەرزدارە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە
نیشانەکردن شەترەنج لەگەڵ د. ترەیدەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان رایدەگەیێنێت، زێڕ ئەو بەرزبوونەوەیەی کرد کە دەبوو بیکات، بەڵام دوور نییە بگاتە 4500 دۆلار. ئاماژە بەوەش دەکات، زیو خەریکە رێڕەوی خۆی لە زێڕ جیا دەکاتەوە و مس و پلاتینیۆمیش ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتریان هەیە.
 
ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زیاتر لە 50 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4497 دۆلار، بەمەش تەنیا لە بەیانیی دوێنێوە زیاتر لە 150 دۆلار چووەتە سەر نرخەکەی.
 
د. محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان کە بە (د. ترەیدەر) ناسراوە، لەبارەی دۆخی بازاڕەوە دەڵێت: "زێڕ ئاستێکی دیاریکراوی قازانجی هەیە بۆ سندووقەکانی وەبەرهێنان و ئەو لایەن و کەسانەی کە بازاڕ دەجووڵێنن، ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، کە مامەڵەی دامەزراوە گەورەکان دابخات."
 
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە، لەمەودا هێواش هێواش نرخی زێڕ جێگیر دەبێت و چاوەڕوانی ئاراستەی گرژییە جیۆسیاسییەکان دەکات. هەرچەندە پێیوایە دوور نییە نرخەکەی بەشێوەیەکی کاتی بگاتە 4500 دۆلار، بەڵام پێشبینی دەکات هەر ئەمڕۆ دابەزێتەوە بۆ ئاستی 4444 بۆ 4414 دۆلار.
 
د. ترەیدەر گوتی: "راستە زێڕ دابەزینێک قەرزدارە، بەڵام بە رادەی بەرزبوونەوەکەی، بەهێز نابێت."
 
ناوە ناوە چەند راپۆرتێک بڵاودەکرێنەوە گوایە بانکە ناوەندییەکان و بانکە گەورەکان، بەتایبەتی بانکی ناوەندیی چین، زێڕی زیاتریان کڕیوە وەک لەوەی رایانگەیاندووە.
 
د. ترەیدەر پێیوایە، هەر زێڕێک بکڕدڕێت و مامەڵەی پێوەبکرێت، لەنێو سیستەمی بانکیدا بە روونی دیارە، کە ئاڵوگۆڕی پێوەکراوە و لە چی خەرجکراوە. بۆیە مامەڵەی گەورەی کڕینی زێڕ وەک ئەوەی بانکەکان دەیکەن، ناتواندرێت بشاردرێنەوە، بەڵام دەکرێت بەش بەش بکرێن بۆ ئەوەی نرخ لەناکاو نەگۆڕێت.
 
 
سەبارەت بە کانزای زیو، کە ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەکی گەیشتە 69.88 دۆلار و ژمارەی پێوانەیی مێژوویی تۆمارکرد، د. ترەیدەر دەڵێت: "زیو خەریکە وردە وردە رێڕەوی خۆی لە زێڕ جیادەکاتەوە؛ پێشتر کاتێک نرخی زێڕ بەرزدەبووەوە، زیویش بەدوایدا کەمێک بەرزدەبووەوە، بەڵام ئێستا زیو لە رووی بەرزبوونەوەی نرخەوە پێش زێڕیش کەوتووە و رێگەی سەربەخۆی خۆی دەدۆزێتەوە."
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، پارەیەکی زۆر دەخرێتە نێو سندووقەکانی وەبەرهێنان لە زیودا. ئامارەکانیش دەریدەخەن ئەم ساڵ نرخی زیو 140٪ بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا زێڕ 71٪ بوو
 
مس و پلاتینیۆم
 
سەبارەت بە مس، د. محەممەد ئەمین پێیوایە تاوەکو نرخەکەی لە ئاستی پێنج دۆلار یان کەمتر بێت، گونجاوە بۆ کڕین و وەک وەبەرهێنانێکی درێژخایەن سەیری دەکات. پێشبینیش دەکات لە ساڵی 2026 نرخی مس بگاتە زیاتر لە شەش دۆلار بۆ هەر پاوەندێک.
 
ئەمڕۆ هەر پاوەندێک [450 گرام] مس بە 5.52 دۆلارە. د. ترەیدەر پێیوایە ئەو کانزایە گونجاوە بۆ وەبەرهێنان. ئەو پسۆڕە باس لەوە دەکات، خۆی لە ئاستی 3.6 و 3.9 دۆلار مسی کڕیوە. 
 
لەبارەی پلاتینیۆمیشەوە کە لە 24 کاژێری رابردوودا 100 دۆلار بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 2206 دۆلار، د. ترەیدەر دەڵێت: "پلاتینیۆم دەکرێت زیاتر بەرزببێتەوە و ئەگەر دۆخەکە وەک ئێستا بمێنێتەوە، لە ساڵی 2026 دەگاتە 2300 دۆلار." هۆکارەکەشی بۆ سیاسەتی ترەمپ بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار و کڕینی ئەو کانزایە لەلایەن چینەوە گەڕاندەوە.
 
بازاڕەکان 23 کاژێر کراوە دەبن
 
د. محەممەد ئەمین ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت پارەیەکی زیاتر بێتە نێو بۆرسەکانەوە، بۆیە بڕیارە لە ساڵی 2026ـدا سیستمێکی نوێ لە بۆرسەی ناسداکی ئەمریکا تاقیبکرێتەوە، ئەویش کرانەوەی بازاڕەکانە بۆ ماوەی 23 کاژێر لە رۆژێکدا (جگە لە شەممە و یەکشەممە)، ئەوەش لەکاتێکدایە ئێستا بازاڕەکان نزیکەی 16 کاژێر کراوەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە