نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردووی خۆی بەرزبووەوە

01-09-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بۆ بەرزترین ئاستی 4 مانگی رابردووی بەرزبوووەوە و هەر ئۆنسەیەکی 3485 دۆلاری تێپەڕاند، بەڵام دوای چەند کاژێرێک کەمێک دابەزی بۆ نزیکەی 3475 دۆلار.
 
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12 بەرزبووەوە بۆ 3543 دۆلار.
 
مات سیمپسن، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە سیتی بانک لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لێدوانەکانی مێری دالی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی سان فرانسیسکۆ ئاماژەیەکن بۆ ئەوەی ئەگەری زۆرە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی لە کۆبوونەوەی داهاتوودا 25 خاڵ دابەزێنێت."
 
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژە بە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەکات و دەڵێت، "بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا زۆربەی پێناسە گومرکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە نایاسایی ناوزەد کردووە و ئەوەش گوشاری لەسەر نرخی دۆلار داناوە و پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە."
 
مێری دالی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی سان فرانسیسکۆ لە پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پاڵپشتیی خۆی بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی راگەیاندووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بازاڕی کار بکات.
 
بەپێی رووپێوەکان، 87٪ـی بازرگانان پێیانوایە لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکی ناوەندی، سوودی بانکی کەم دەکرێتەوە. کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە