رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەڵێ، ئەگەر هیچ کێشەیەک دروستنەکرێ، هەفتەی داهاتوو مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی 10 دەنێردرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، شاندی باڵای پارتی سەردانی سەرجەم لایەنەکانی لە بەغدا کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 25-12-2025، سێیەم رۆژی کۆبووونەوەکانی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا. فارس عیسا، ئەندامی شاندەکە بە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''کۆبوونەوەکان بە باشی بەڕێوەچوون و بەبێ جیاوازی سەردانی سەرجەم لایەنەکانمان کردووە، چی سوننە، چی شیعە و چی کەسایەتییە دیارەکانی گۆڕەپانی سیاسی.''
بەگوتەی فارس عیسا، ئامانجیان لە کۆبوونەوەکانی بەغدا گەیشتنە بە بۆچوونێکی هاوبەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگارییانەی روویان لە عێراق کردووە.
پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا 27 کورسی بەدەستهێنا. ئەو ئەندامەی شاندی باڵای پارتی لە بەغدا ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بەربژێران بۆ پۆستەکانی سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان بەپێی شایستەی هەڵبژاردنی لایەنەکان دیاری بکرێن ''بەڵام لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر هیچ کامە لە بەربژێران قسە نەکراوە. بێگومان لەکاتی گونجاودا هەموو شتێک روونتر دەبێتەوە.''
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەغدایە و لەگەڵ زۆربەی سەرکردە شیعە و سوننەکان، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن.
لە بەشێکی قسەکانی دا فارس عیسا کە هاوکات سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە بەغدا، باسی لە چارەنووسی مووچەی مووچەخۆران کرد و گوتی: ''ئینشائەڵڵا ئەگەر کێشەی دیکە بۆ ئێمە دروستنەکەن، لە هەفتەی داهاتوودا مووچە دەنێردرێ.''
ئەم ساڵ 9 مووچە لە هەرێمی کوردستان دابەشکراون. سێشەممە 23ـی کانوونی یەکەم، کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی راسپارد مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات. بەڵام هیچ بڕیارێک لەبارەی هەردوو مووچەی مانگی 11 و 12 نەدرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ