رووداو دیجیتاڵ
ئەو گۆڕانکارییەی بڕیارە حکومەتی فیدراڵی لە مووچەی فەرمانبەران بیکات، تەنیا سەرۆکایەتیی کۆمار، پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران دەگرێتەوە. لیژنەى تایبەت بەو پرسە یەک کۆبوونەوەى کردووە بەبێ ئەوەى راسپاردە لەبارەیەوە ئامادە بکات.
ئەنجوومەنى وەزارى بۆ ئابوورى لە کۆبوونەوەی 15ى کانوونى یەکەمى 2025 بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا خەرجیی سێ سەرۆکایەتییەکە کەم بکرێتەوە و لیستی مووچەی فەرمانبەرەکانی هاوتا بکرێ.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پلانەی حکومەت دەیەوێ جێبەجێی بکات، هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سێ سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەکان دەگرێتەوە.
سەرچاوەکە گوتی، فەرمانبەرانی سێ سەرۆکایەتییەکە هەندێک دەرماڵەیان هەیە، بەتایبەت دەرماڵەی مەترسی کە ئەگەر هەیە ئەو دەرماڵەیە کەم بکرێتەوە، چونکە دەرماڵەی فەرمانبەرانی وەزارەت و دەستەکان بەو جۆرە نییە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە لیژنەیەکی تایبەتمەندی وەزارەتی پلاندانان کردووە کە راپۆرتێکی تایبەت لەبارەی هاوتاکردنی لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران ئامادە بکات و راسپاردە لەوبارەیەوە پێشکێش بکات.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لیژنەکە یەک کۆبوونەوەی کردووە و تاوەکو ئێستا راسپاردەکان ئامادە نەکراون".
خەرجی مانگانەى پەرلەمان، ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق بە گوێرەى راپۆرتى وەزارەتى دارایی 788.2 ملیار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ