رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی رۆژی هەینی و ئۆنسەیەکی بۆ کەمتر لە 4700 دۆلار دابەزی.
دەستنیشانکردنی کێڤن وارش، لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەک سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، بە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی زێڕ و کانزاکان دادەنرێت.
ئەمڕۆ تەنانەت نرخی زێڕ ئاستی 4660 دۆلاریشی بەخۆیەوە بینی.
پێنجشەممەی رابردوو، نرخی زێڕ نزیک بووەوە لە 5600 دۆلار.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا، بۆ رادەستکردنی لە مانگی چواری ئەم ساڵ بە 4700 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
گرووپی (سی ئێم ئی) ئەو کۆمپانیای کە بازاڕی بۆرسەی شیکاگۆ بەڕێوەدەبات، مارجینی مامەڵەکانی لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەرزدەکاتەوە و لەدوای داخرانی بازاڕ، ئەمڕۆ دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
مەبەست لە مارجین ئەو پارەیە کە بازرگانان دایدەنێن بۆ مامەڵەکردنی گرێبەستەکانی داهاتوو.
ئەو رێژەیە ئێستا بەرزکراوەتەوە و زۆرێک لە بازرگانان ناتوانن ئەو پارەیە دابین بکەن و بە ناچاری مامەڵەکانیان دەبێت دابخەن، ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی کانزاکان.
لەلایەکی دیکەوە، بەربژێری ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی بانکی ناوەندی، کێڤن وارش، کەسێکە کە بەزۆری لایەنگری بەرزکردنەوەی سوودی بانکییە. سیاسەتی تووندی نەختی لە قازانجی دۆلار و بە زیانی نرخی کانزاکان دەشکێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ