ئۆنسەیەک زیو زیاتر لە 8٪ دابەزی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە یەکەمین رۆژی کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی ئۆنسەیەک زیو 6.83 دۆلاری دیکە، یاخود 8.07٪ دابەزی و بە 77.80 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەم پێیە ئێستا کیلۆیەک زیو لە بازاڕەکانی جیهان بە 2,502 دۆلارە.
 
رۆژی هەینی نرخی ئۆنسەیەک زیو 26٪ دابەزیبوو کە زۆرترین دابەزینی رۆژانە بوو لە مامەڵەکانیدا تۆمارکرابێت.
 
سەرەکیترین هۆکاری شڵەژانی بازاڕ و دابەزینی نرخی زیو، پلانی دۆناڵد ترەمپە بۆ دیاریکردنی کێڤن وارش وەک سەرۆکی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا. 
 
وارش لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە وەک کەسایەتییەکی "تووندڕۆ" لە سیاسەتی نەختینەییدا دەبینرێت، ئەمەش وایکردووە بازاڕەکان پێشبینیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بکەن ئەگەر ببێتە سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
 
هۆکارێکی دیکەی دابەزینەکە پەیوەستە بە بەدەستهێنانی قازانج؛ چونکە دوای ئەوەی زیو ریکۆردی مێژوویی شکاند و ئاستی 120 دۆلاری تێپەڕاند، زۆرێک لە وەبەرهێنەران دەستیان کرد بە فرۆشتنی پشکەکانیان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی خێرا.
 
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیوادارە لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن، ئەمەش دوای ئەوەی رێبەری باڵای وڵاتەکە هۆشداریی دا کە هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی هەرێمی.
 
پێش ئەم دابەزینە گەورەیە، نرخی زیو بەهۆی کورتهێنانی خستنەڕوو لە بازاڕدا و زیادبوونی خواست لەسەری بەرزبووەوە. 
 
وەبەرهێنەران بەهۆی ترسیان لە بەرزبوونەوەی قەرزی حکومەتەکان و گرژییە سیاسییەکان، روویان لە کڕینی زیو کردبوو وەک پەناگەیەکی ئارام.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە