رووداو-هەولێر
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەردوو کۆمپانیای شێڤرۆن و ئێکسۆن مۆبیل، دوو کۆمپانیای گەورەی نەوتی ئەمریکا و جیهان پلانیان هەیە پێکەوە رۆژانە 800 هەزار بەرمیل لە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیان کەمبکەنەوە.
ئێکسۆن بۆمبیل و شێڤرۆن رایانگەیاندووە، قەبارەی وەبەرهێنانەکانیان لە پیشەسازی نەوتی بەردینی ئەمریکا کەمدەکەنەوە.
لە چەند ساڵی رابردوو بەهۆی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی بەردینی ئەمریکا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە بەشێوازێکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی رۆژانە 13 ملیۆن بەرمیل، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا.
پییەر بریبەر، بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای شیڤرۆن رایگەیاند، ئەگەر هاتوو نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئەوا دەستدەکەنەوە بە وەبەرهێنانەکانیان و قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ئەمریکا بەرزدەکەنەوە.
ئێکسۆن مۆبیل دەڵێت، بەرێژەی 75%ـی سەکۆ نەوتییەکانی لە کێڵگەی پێرمیان، کە کێڵگەیەکی گەورەی نەوتی بەردینی ئەمریکایە کەمدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ