رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی سوودانی دەڵێت، بانکی ناوەندیی عێراق بە تووندی رەتیدەکاتەوە پەنا بۆ دابەزاندنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار ببات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، "نرخی فەرمی دۆلار وەک خۆی بە 1320 دینار دەمێنێتەوە."
د. موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەوڵدان بۆ گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار بە مەبەستی دابینکردنی دارایی بۆ بودجە، بە "خراپترین رێگەی پارەدارکردن" لە رێبازە ئابوورییەکاندا دادەنرێت.
ئەو راوێژکارە دەڵێت، ئەمە بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانە راستە کە وەکو عێراق خاوەنی ئابوورییەکی تاکسەرچاوەن، چونکە هەنگاوێکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و تێکچوونی سەقامگیریی ئابووریی گشتی.
راوێژکارەکەی سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، سیستمی نرخی ئاڵوگۆڕ لە عێراق بەپێی هاوکێشەیەک دیاریکراوە کە رێککەوتنی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی لەسەرە، کە یەکەمیان لایەنی سیاسەتی نەختینەیی و، دووەمیان لایەنی سیاسەتی داراییە.
بە گوتەی د. موزهر محەممەد، "سیاسەتی نەختینەیی رێگە نادات نرخی فەرمی دۆلار وەک ئامرازێکی ئاسان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بەکاربهێندرێت."
راوێژکاری دارایی سوودانی پێیوایە، پاراستنی نرخی ئێستای دۆلار بەندە بەوەی کە سیاسەتی دارایی رۆڵی خۆی بگێڕێ لە "گونجاندنی دارایی"، ئەوەش لە رێگەی زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان و پێداچوونەوە بە تێچووە داراییەکان کە بڕیارە لە بودجەی ساڵی 2026دا رەنگبداتەوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ گۆڕینی نرخی فەرمیی دۆلار، کە ئێستا بە 1320 دینار جێگیر کراوە."
بەگوێرەی بانکی ناوەندیی عێراق، نرخی فەرمیی 100 دۆلاری ئەمریکی بە 132 هەزار دینارە، بەڵام لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە زیاتر لە 140 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێ.
بانکی ناوەندیی دەڵێ، نرخی بازاڕی هاوتەریب گوزارشت لە نرخی فەرمیی دینار بەرامبەر دۆلار ناکات و ئەوان بە نرخی فەرمی دۆلار بۆ بازرگانی دەرەکی و مامەڵە یاساییەکان دابین دەکەن.
پار نرخی دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر لە 6٪ بەرزبووەتەوە؛ لە یەکەم رۆژی کرانەوەی بازاڕەکان لە هەرێمی کوردستان، 100 دۆلار بەرامبەر بە 151 هەزار و 600 دینار بوو، بەڵام لە دوایین رۆژدا 100 دۆلار بە 143 هەزار و 300 دینار بوو. ئێستاش لە نزیک ئەو ئاستەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ