رووداو دیجیتاڵ
تێسلا رۆژی هەینی رایگەیاند، لە چارەکی چوارەمی 2025ـدا، فرۆشی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی کەمتر بووە لەوەی چاوەڕوان دەکرا، بەمەش پێگەی خۆی وەک گەورەترین کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهان لە رووی فرۆشی ساڵانەوە لەدەستدا و کۆمپانیای BYDی چینی شوێنی گرتەوە.
کۆمپانیا ئەمریکییەکە کە لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە بەڕێوەدەبرێ، لە سێ مانگی کۆتایی ساڵدا 418 هەزار و 227 ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە، بەمەش کۆی فرۆشی ساڵانەی گەیشتووەتە نزیکەی 1.64 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
رۆژێک پێشتر، BYD رایگەیاند کە ساڵی 2025، دوو ملیۆن و 260 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشتووە.
بەپێی راپرسییەکی FactSet، شرۆڤەکاران پێشبینییان دەکرد فرۆشی تێسلا لە چارەکی کۆتاییدا کەمتر دابەزێ و بگاتە 449 هەزار ئۆتۆمبێل.
چاودێرانی بازاڕ ئاماژەیان بەوە کردووە، کاتی دەوێ تاوەکو داواکاری لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەمریکا هاوسەنگ دەبێتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە ئەیلوولی 2025، ئەو لێخۆشبوونی باجەی پێشتر بە بڕی حەوت هەزار و 500 دۆلار بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەرکرابوو، هەڵوەشێنرایەوە.
بەڵام تەنانەت بەر لەوەش، تێسلا لە بازاڕە سەرەکییەکاندا بەدەست دابەزینی فرۆشەوە دەیناڵاند، هۆکارەکەشی دەگەڕایەوە بۆ پاڵپشتیی سیاسیی مەسک بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سیاسەتڤانانی دیکەی راستڕۆی تووندڕۆ.
هەروەها تێسلا رووبەڕووی کێبڕکێیەکی بەهێز بووەتەوە لەلایەن BYD و کۆمپانیا چینییەکانی دیکە و زەبەلاحەکانی ئەورووپا.
رۆژی پێنجشەممە، BYD کە بنکەکەی لە شینزێنە و ئۆتۆمبێلی هایبریدیش بەرهەمدەهێنێت، ژمارەی پێوانەیی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ساڵی رابردوودا ئاشکرا کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ