رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای جیهانیی ئیمارات بۆ ئەلەمنیۆم دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆسەر ناوچەی پیشەسازیی (تەویلە)، زیانێکی زۆر بە دامەزراوەکانیان کەوتووە و پێشبینی دەکرێ گەڕانەوەی بەرهەمهێنان بۆ ئاستی جاران ساڵێک بخایێنێت.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەی ئابووریی "خەلیفە-کیزاد کە یەکێکە لە گەورەترین ناوچە پیشەسازییەکانی جیهان" بۆ بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم، رووبەڕووی هێرشێکی چڕ بووەتەوە. بەهۆی مەترسییەکانەوە، سەرجەم کارمەندان لە شوێنی کارەکانیان دوورخراونەتەوە و کارگەی تواوەی ئەلەمنیۆم، پاڵاوگەی ئەلومینا، وێستگەی وزە و کارگەی بەکارهێنانەوە بە تەواوی پەکیانکەوتووە".
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانی کۆمپانیاکە، چاککردنەوەی ژێرخانی کارگەکە و گەڕانەوەی هێڵەکانی بەرهەمهێنان بۆ دۆخی ئاسایی، پێویستی بە 12 مانگ کارکردنە. هەرچەندە پێشبینی دەکرێت پاڵاوگەی ئەلومینا و کارگەی ریسایکلینەکە کەمێک زووتر دەست بە کار بکەنەوە.
عەبدولناسر بن کەلبان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای جیهانیی ئیمارات بۆ ئەلەمنیۆم رایگەیاند: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین کە کارمەندەکانمانی کردووەتە ئامانج کە لە زیاتر لە 40 نەتەوەی جیاواز پێکدێن. ناوچەی تەویلە بڕبڕەی پشتی ئابووریی جیهانە و ئەم هێرشانە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر زنجیرەی دابینکردنی پیشەسازییەکان لە سەرانسەری جیهان دەبێت."
ناوچەی "تەویلە" بە یەکێک لە ستراتیژیترین ناوچە پیشەسازییەکانی ئیمارات و ناوچەکە دادەندرێ و کارگەکەی لە ساڵی 2025 نزیکەی 1.6 ملیۆن تۆن ئەلەمنیۆمی بەرهەمهێناوە. ئەو ناوچە پیشەسازییە رۆژی 28ی مانگی رابردوو هێرشی درۆنی و مووشەکی کرایە سەر و حکومەتی ئیماراتیش ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبار کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ