سوودانی بڕیارێک لە بارەی کارگەکانی خشت لە هەرێمی کوردستان دەدات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی پیشەسازی کرد و چەند بڕیارێکی بۆ پاڵپشتیی کەرتی پیشەسازی دەرکرد؛ یەکێک لە بڕیارەکان تایبەت بوو بە دابینکردنی گازی شل بۆ کارگەکانی خشت لە هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 05-02-2026، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی خولیی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی پیشەسازیدا کە وەزیرانی دارایی، نەوت، بازرگانی، پیشەسازی و تەندروستی ئامادەی بوون، بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە هەرێمی کوردستان پەسند کرا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردران بۆ ئەوەی "دووبارە لێکۆڵینەوە لە پرسی دابینکردنی گازی شل (LPG) بۆ کارگە مۆڵەتپێدراوەکانی خشت لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە."
 
 
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی تایبەت لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێندرێت بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارگەکانی خشتی ناوچەی نەهرەوان. 
 
ئەرکی ئەم تیمە دیاریکردنی ئەو کارگانەیە کە توانای گۆڕینی سیستمی سووتەمەنییان هەیە بۆ گازی شل، لەگەڵ ئامادەکردنی پێشنیاز بۆ دابینکردنی تۆڕی بۆری و کۆگای ناوەندی بۆیان.
 
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان راسپێردرا بۆ ئامادەکردنی هەلێکی وەبەرهێنان بە مەبەستی دروستکردنی شارێکی پیشەسازی لە ناوچەی سوێرە لە پارێزگای واست.
 
هەروەها حکومەتی عێراق رەزامەندی دا لەسەر بەکارهێنانی لەنگەرگاکانی 10 و 11 لە بەندەری خۆر ئەلزوبەیر لە پارێزگای بەسرا، بۆ کارپێکردنی کارگەی ئاسنی ئیسفەنجی؛ ئەمەش دوای نۆژەنکردنەوەی کارگەکە و بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە