وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: جگە لە سێ پاڵاوگە مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوگەیەک نەداوە

05-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونکردنەوەیەکی لەبارەی پاڵاوگە نایاساییەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، جگە لە سێ پاڵاوگە، مۆڵەتیان بە هیچ پاڵاوگەیەکی دیکە نەداوە، ئەو سێ پاڵاوگەیش بەپێی مەرج و رێنوێنیی وەزارەتەکەیان کار دەکەن.
 
لە روونکردنەوەکەیدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەڵێت، بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان پشتگیری لە رێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوگەی نایاساییەکان دەکات، "کە بەبێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی رێنوێنییەکان دامەزراون."
 
"جگە لە هەرسێ پاڵاوگەی كار و لاناز و قەیوان مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوتگەیەكی دیكە نەداوە، ئەوانیش بەپێی مەرج و رێنوێنییەكانی وەزارەت كار دەكەن،" ئەمەش وەکو لە روونکردنەوەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوگەکان لە رێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە رێنوێنییەکان دەبێت، یەکێک لەوانە پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرنگی رێنوێنییەكانە."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە داوە، بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بە نووسراوی فەرمی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە، "پێویستە رێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی موەلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتی باش بەپێی خەسڵەتەكانی پەسندكراوی وەزارەت بگیرێتەبەر و، بۆ رێگری لە ساخكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپیی پاڵاوگەكانیش داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن."
 
بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت، "ئامادەی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانین."
 
دوێنێ یەکشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا چەند بڕیارێکی تایبەت بە رێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە و هەوڵدان بۆ پاککردنەوەی هەوای هەولێری خستەڕوو.
 
ئومێد خۆشناو رایگەیاند، "لەپێناو ژینگەیەکی باشتر بۆ هەولێر و پاراستنی، لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ژینگە و تەندروستی کرد و تێیدا 7 بڕیاری گرنگ دران و لە ئەمڕۆوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە."
 
لە هەولێر 138 پاڵاوگەی نایاسایی هەن. یەکێک لە بڕیارەکان تایبەتە بە پاڵاوگە نایاساییەکان و پارێزگاری هەولێر گوتی، "دەبێت هەر 138یان دابخرێن. داوا لە خاوەنەکانیشیان دەکەین لە ئێستاوە پاڵاوگەکان دابخەن، ئەگەرنا رێکاری یاسایی دیکە بەدوایدا دێت."
 
جگە لە داخستنیان، پارێزگاری هەولێر داوا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە "بە هیچ شێوەیەک مادەی خام و پێداویستییەکانی نەوتی رەش بۆ پاڵاوگە نایاساییەکان دابین نەکات؛ هەر گرێبەستێکیشیان لەگەڵ وەزارەت هەیە، لە ئەمڕۆوە کاری پێ نەکرێت، چونکە بڕیاری داخستنیان دراوە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتییەکی نەوتهەڵگری ڤەنزوێلا. وێنە: Reuters

یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە نزیکەی 61 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا نرخی نەوت زیاتر دابەزی بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 16 سەنت دابەزی و یەک بەرمیلی بە 61 دۆلار و 12 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.