رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ لەنزیک ئاستە بەرزەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی مامەڵەی پێوەدەکرێت کە بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی بازرگانی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا روویداوە.
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، لە رۆژی پێنجشەممە یەک ئۆنسە زێڕ بەنزیکەی 2870 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا ئۆنسەیەکی بە 2880 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
سۆنی کۆماری، شرۆڤەکارێکی بازاڕە داراییەکان سەر بە بانکی ANZ رایگەیاند، "وەبەرهێنەران ئامادە نین هەلی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە دەستبدەن و ئەو زێڕانەی کە کڕیویانە بیفرۆشن، لەبەر ئەوەیە نرخی زێڕ رۆژانە ئاستێکی نوێ لە بەرزبوونەوە تۆماردەکات."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، نرخی زێڕ بەمزووانە دەگاتە 3000 دۆلار، بەڵام رەنگە تاوەکو ئەو کاتە رەنگە هەندێک پاشەکشە و خۆڕاستکردنەوە رووبدات، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو هەندێ ئاماژە دەرکەون سەبارەت بە هێوربوونەوەی شەڕی بازرگانی.
چین لە رێکخراوی بازرگانیی جیهان سکاڵای لە ئەمریکا تۆماکردووە دژی سەپاندنی پێناسی گومرکی بەڕێژەی 10٪ لەلایەن ئەمریکاوە. وەکو کاردانەوە، چین هەروەها باجی سەپاندووە بەسەر چەندین جۆر بەرهەمی وزرەی ئەمریکا.
سەرەڕای بابەتی شەڕی بازرگانی، ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا کە ئەمڕۆ و سبەی بڵاودەبنەوە، دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دابنێت، بەوپێیە دەتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دابنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ