کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ رووداو: لە ئەمڕۆوە هەناردەکردنی نەوت رۆژانە دەگاتە 250 هەزار بەرمیل

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هەفتەیەک لە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، بڕی هەناردەکردن لە 170 هەزار بەرمیلەوە گەیشتووەتە 200 هەزار بەرمیل. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور دەڵێت، لە ئەمڕۆوە هەناردەکردن دەگاتە 250 هەزار بەرمیل.
 
رۆژی چوارشەممە 25ی ئاداری 2026، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا هەناردەی نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان، نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە."
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی، "لە ئەمڕۆوە هەناردەی نەوت بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرز دەبێتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بڕەکە دەگاتە 300 هەزار بەرمیل."
 
بە گوتەی عامر خەلیل، نەوتی کەرکووک لەکاتی هەناردەکردندا تێکەڵی ئەو بڕە نەوتە دەکرێ کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت. پشکی نەوتی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 40 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماژە بەوەش دەکات، دەست بە فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراو کراوە و "لەبەر باشی کواڵیتییەکەی، خواستێکی زۆر لەسەر نەوتی کەرکووک هەیە."
 
دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژی 18ی ئەم مانگە یەکەمین بڕی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا.
 
پەنابردن بۆ بۆریی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات کە لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرەوە راگیرا.
 
بەر لە جەنگ، عێراق رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، ئێستا تەنیا لە رێگەی تورکیاوە نەوتەکەى هەناردە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە