جووڵەی کەشتییەکان و تەنگەی هورمز؛ کێ نەوتی عێراق دەگوازێتەوە؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئێران رێگە بە جووڵەی ئەو کەشتییانە دەدات کە هی "دووژمن" نین بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا لەم مانگەدا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی رۆژانە لە پێنج ساڵی رابردوودا، بە شێوەیەک لەم ماوەیەی جەنگدا کۆی تێپەڕبوونی کەشتییەکان 111 کەشتی بووە کە 40 دانەیان کەشتیی گواستنەوەی نەوت بوون.
 
لە نێو وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری نەوت، بەهۆی داخستن و مەترسییەکانی تەنگەی هورمزەوە عێراق زەرەرمەندی یەکەمە. ژمارەی ئەو کەشتییانەی کە نەوتی عێراقیان لە بەندەری بەسرە و ئوم قەسرەوە بە تەنگەی هورمزدا گواستووەتەوە سێ هێندە کەمی کردووە، کە دۆخێکی لەم شێوەیەش عێراق تەنیا لە مانگەکانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا بەخۆیەوە بینیبوو.
 
هاتووچۆی کەشتییەکانی عێراق لە بەندەرەکانی ئوم قەسر و بەسرە
 
بەپێی داتاکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و ئۆکسفۆرد بۆ چاودێریی بازرگانی لە دەریاکاندا، کە رۆژانە چاودێریی داتاکانی هەردوو بەندەری ئوم قەسر و بەسرە دەکەن، ژمارەی ئەو کەشتییانەی کە نەوت، مادە وشکەکان (وەک پەیینی کیمیایی)، خۆراک و کاڵا جیاوازەکانیان لە عێراقەوە بۆ دەرەوە و بەپێچەوانەشەوە گواستووەتەوە، لەم مانگەدا بۆ 77 کەشتی کەم بووەتەوە.
 
لەو 77 کەشتییەی ئەم مانگەی جەنگدا ژمارەی کەشتییە نەوتی و بەرهەمە نەوتییەکان 40 کەشتی بووە و 37 کەشتییەکەی دیکەش تایبەت بوون بە کاڵا و مادەکانی دیکە، کە سەرجەمیان بۆ هاوردەکردنی کاڵا بوون.
 
پێش جەنگ و لە مانگی شوباتی 2026دا، کۆی ئەو کەشتییانەی نەوت و کاڵایان لە بەندەرەکانی عێراقەوە گواستووەتەوە ژمارەیان 220 کەشتی بووە کە 112 کەشتییان نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانیان گواستووەتەوە و 108 کەشتییەکەی دیکەش مادە و کاڵای جۆراوجۆریان هاوردەی عێراق کردووە، چونکە عێراق رێژەی 99٪ی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی هەناردە دەکات.
 
لەم جەنگەدا هاتووچۆی کەشتییەکان لە هەردوو بەندەرەکەی عێراقەوە، چ بۆ هاوردەکردنی کاڵا و چ بۆ هەناردەکردنی نەوت، هاوشێوەی مانگەکانی کۆتایی 2019 و سەرەتای 2020ی لێ هاتووە کە ئەوکات بەهۆی کۆرۆناوە جووڵەی کەشتییەکان کەمی کرد. بۆ نموونە، لە ئاداری 2020دا کۆی جووڵەی کەشتییەکانی عێراق 78 کەشتی بوو، کە 33یان نەوتهەڵگر بوون و 45یشیان بۆ مادە و کاڵا جیاوازەکانی دیکە بوون.
 
لە رووی قەبارەی ئەو کەشتییانەی کە ئەم دوو بەندەرەیان بەجێهێشتووە، لە ماوەی ئەم جەنگەدا بە پێوەری (مەتر تۆن) دیاری کراوە، ئەو کەشتییانەی نەوتیان بارکردووە 510 هەزار مەتر تۆن بووە لە کۆی 852 هەزار و 899 مەتر تۆن، لە بەرامبەریشدا ئەو کەشتییانەی گەیشتوونەتە عێراق و کاڵا و بەرهەمە نەوتییەکانیان هاوردەی عێراق کردووە، قەبارەیان 72 هەزار مەتر تۆن بووە لە کۆی 513 هەزار و 918 مەتر تۆن.
 
هەناردەی نەوتی عێراق و تەنگەی هورمز
 
لە نیوەڕاستی 2023ـەوە جووڵەی کەشتییەکان لە عێراقەوە بە رێژەی 100% زیادیکردووە کە ئەمەش بەهۆی دوو هێندەبوونی کەشتییە نەوتییەکانەوە بووە، بە شێوەیەک لە مانگی شەشی ئەو ساڵەدا 194 کەشتی بووە (93یان نەوتی و 101یان بۆ کاڵا و مادەکانی دیکە)، بەڵام لە نیوەڕاستی 2024دا گەیشتووەتە 301 کەشتی، کە 195یان کەشتیی نەوتی بوون.
 
عێراق مانگانە لە رێگەی 85 بۆ 104 کەشتییەوە نەوتەکەی بە تەنگەی هورمزدا دەگوازێتەوە کە دەکاتە رێژەی 95%ی کۆی نەوتی هەناردەکراوی عێراق. ئێستا کە مەترسی لەسەر جووڵەی کەشتییەکان دروست بووە، واتە مەترسی لەسەر هەناردەی رۆژانەی 3.2 بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە.
 
هەناردەی نەوتی عێراق لە حوزەیرانی 2025ـەوە بۆ شوباتی 2026. سەرچاوە: داتاکانی سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان
 
ئەو وڵاتانەی نەوتی عێراق دەگوازنەوە کێن؟
 
 لەنێو ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی لە 8 مانگدا 574 ملیۆن بەرمیل نەوتی مامناوەندی بەسرە، 332 ملیۆن بەرمیل نەوتی قورسی بەسرە و 31 ملیۆن بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیان گواستووەتەوە، تەنیا سێ کەشتییان خاوەندارێتی و کارپێکردنەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەوانیش ئەو کەشتییانەن کە کۆمپانیای نێودەوڵەتیی سیوەی (Seaway) خاوەندارێتییان دەکات.
 
بەرزترین ژمارەی ئەو کەشتییانەی لەو ماوەیەدا نەوتی عێراقیان لە هەردوو بەندەری ئوم قەسر، بەسرە و بەندەری جەیهانەوە گواستووەتەوە، بە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵ بوون بە رێژەی 15.6%، بەدوایدا لیبریا دێت بە رێژەی 9.6%، ئینجا یۆنان بە رێژەی 9.3%، هیندستان بە رێژەی 8.3٪ و هۆنگ کۆنگ بە رێژەی 6.3%.
 
داخستنی تەنگەی هورمز وای کردووە تاوەکو 20ی ئەم مانگە زیاتر لە 3000 کەشتی لە دەوروبەری تەنگەکە کۆببنەوە و نەتوانن تێپەڕن. بەپێی دوایین نوێکردنەوەی داتاکانی ئەو کەشتییانەی لە 1ی ئادار تاوەکو 22ی ئادار بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، ژمارەیان گەیشتووەتە 111 کەشتی و لەم ژمارەیەش 40 کەشتییان بارهەڵگری نەوت بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مانگی شوباتی 2026دا رۆژانە ئەم ژمارەیە بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕی و نیوەی زیاتریشیان نەوتهەڵگر بوون.
 
کەشتیی ئەو وڵاتانەی نەوتی عێراقیان گواستووەتەوە لە حوزەیرانی 2025ـەوە بۆ شوباتی 2026. سەرچاوە: داتاکانی سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان
 
راستە عێراق بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی 3.2 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە کەم کردووەتەوە و ئەو بڕەشی ئێستا کە بەرهەم دێت لە ناوخۆدا بەکاردەهێنرێت، بەڵام کردنەوەی تەنگەی هورمز بەڕووی عێراقدا وا دەکات دەیان کەشتیی پڕ لە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بتوانن بەندەرەکانی بەسرە و ئوم قەسر جێبهێڵن، ئەمەش سەرەڕای ئەو کەشتییانەی کە لەم دیوی بەندەرەکەوە چاوەڕوانی هەڵکردنی گڵۆپی سەوز دەکەن بۆ تێپەڕین.
 
دواجار، ئەگەر ئێران رێگە بە نزیکترین کەشتییەکانی دراوسییەکەی بدات لە رۆژانی داهاتوودا، ئەوا عێراق دەتوانێت رێژەی 70٪ نەوتەکەی دووبارە هەناردە ی بازاڕەکانی ئاسیا بکات، چونکە ئەو کەشتیانەی خاوەنداری و لەژێر ئاڵای وڵاتان لە تەنگەی هورمزەوە نەوتی بارکراوی عێراقیان بۆ جیهان گواستووەتەوە پەیوەندییان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە