دی ئێن ئۆ: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە هەرێمی کوردستان بەرزکردووەتەوە

06-02-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ـی نەرویجی راپۆرتی ساڵی 2024 ـی کۆمپانیاکەی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاشکرای کرد لە هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەرزکردووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکەی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، کە ئەمڕۆ لە ماڵپەڕەکەیان بڵاویان کردووەتەوە، کۆمپانیاکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 69٪ لە ئاستی ساڵانەدا بەرزکردووەتەوە.
 
لە کاتێکدا تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە ساڵی 2023 لەلایەن کۆمپانیاکەوە 46 هەزار 500 بەرمیل بووە، لە 2024 دا ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ تێکڕا 78 هەزار و 620 بەرمیل بەرزکردووەتەوە.
 
کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە؛ لەماوەی 3 مانگی کۆتایی ساڵی 2024، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە دوو کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور رۆژانە تێکڕا 74 هەزار و 143 بەرمیل بووە، کە بەراورد بە چارەگی سێیەمی هەمان ساڵ، دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەوپێیەی ئاستی بەرهەمهێنان لە چارەگی سێیەم 84 هەزار و 212 بەرمیل بووە.
 
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە؛ ئەو نەوتەی بەرهەمیهێناوە، بەهۆی داخرانی بۆڕیی هەناردەکردنی نەوت، لە بازاڕی ناوخۆ دا فرۆشتوویەتی.
 
دی ئێن ئۆ دەڵێ، بەبێ ئەوەی هیچ بیرێکی نوێ لە ساڵی 2024 دا هەڵبکۆڵێت، توانیویێتی ئاستی بەرهەمهێنان بەراورد بە  ساڵی 2023 بەڕێژەی نزیکەی 70٪ بەرزبکاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی بەکارهێنانەوەی 3 بیری نەوت کە پێشتر هەڵکۆڵرابوون، هەروەها ئامادەکردنەوەی 20 بیرە نەوتی دیکە.
 
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە دوو کیڵگەی تاوکێ و پێشابوور خاوەنی 75٪ ـی پشکەکانی بەژەوەندییە و کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی هاوبەشی خاوەنی 25٪ ـی دیکەی پشکەکانە.
 
بەپێی دی ئێن ئۆ، لە چارەگی چوارەمی ساڵی 2024، بیرێکی نەوتی بۆ تاقیکردنەوە لە کێڵگەی باشیک هەڵکۆڵیوە کە لە کاتی تاقیکردنەوەدا توانیویانە 20 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمبهێنێت. کۆمپانیاکە دەڵێت تاوەکو ئەو هەڵکۆڵینە، هیچ نەوتێک لە کێڵگەی باشیک بەرهەم نەهاتبوو و ئەوان ئێستا سەرقاڵی کارکردنن بۆ ئەوەی خەرجییەکان لەو کێڵگەیەدا کەمبکەنەوە.
 
لە کێڵگەی باشیک، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ و هاوبەشەکەی (کۆمپانیای وزەی تورکیا) پێکەوە خاوەنی 80٪ـی پشکەکانی بەرژەوەندین.
 
سەبارەت بە داهاتەکانیان، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، ئاشکرای کردووە لە چارەگی چوارەمی ساڵی 2024، داهاتەکانیان 176.6 ملیۆن دۆلار بووە، بەراورد بە چارەگی سێیەمی هەمان ساڵ، بەڕێژەی 4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
کۆمپانیاکە دەڵێت لەو بڕە 54.9 ملیۆن دۆلاری لە هەرێمی کوردستان دەستەبەرکراوە و 121.8 ملیۆن دۆلاریشی بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی بوون لە دەریای باکوور.
 
لە کۆتاییدا کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەڵێت ساڵی 2024ـیان لەڕوویی داراییەوە بە بەهێزی تێپەڕاند بەوپێیەی لەو ساڵەدا هەژماری بانکییان 99 ملیۆن دۆلاری پوختەی تێدابووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP

ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر شەرابی ئەورووپیدا دەکات

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی 200٪ پێناسی گومرگی بەسەر شەراب، شامپانیا و خواردنەوەکانی دیکەی دروستکراوی ئەورووپادا دەکات. ئەمەش وەک وەڵامدانەوە بۆ پلانێکی یەکێتیی ئەورووپا کە دەیەوێت پێناسی گومرگی بخاتە سەر ویسکی ئەمریکی.