رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق لە کەرکووک سەردانی کۆمپانیای نەوتی باکووری کرد و رایگەیاند، وەبەرهێنان لە کەرتی سووتەمەنیی کەرکووک زیاتر دەکەن. هەروەها گوتیشی، هەرێمی کوردستان 130 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و 50 هەزار لەو بڕە بۆ نێوخۆیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی ئابی 2025 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە کەرکووک و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پارێزگاکە لەلایەن رێبوار تەها، پارێزگار و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەوە پێشوازیی لێکرا.
حەیان عەبدولغەنی، کە جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراقیشە، قسەی بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک کرد و باسی لەوە کرد دانوستاندن و کۆبوونەوەکان بەردەوامن "لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندیداین لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە سرووشتییەکان لەبارەی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)."
بە گوتەی وەزیری نەوتی عێراق، ئێستا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان، کە تاوەکو ئێستا کار دەکەن لە هەرێمی کوردستان، "نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی رۆژانەیە و رێککەتووین لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان 80 هەزار بەرمیلەکەی دیکە وەریدەگرین و لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەکەین؛ پشتیوان بە خوا."
مەبەستەکانی سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ کەرکووک
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێک لە مەبەستەکانی سەردانەکەی وەزیری نەوت، کردنەوەی وێستگەی نەوتی شێدارە، کە بۆ جیاکردنەوەی ئەو نەوتەیە تێکەڵ بە ئاو بووە.
مەبەستێکی دیکەی سەردانەکەی وەزیر، کۆبوونەوەیەتی لەگەڵ کۆمپانیای BPی بەریتانی، کە ئێستا ئەو کۆمپانیایە خەریکی پەرەپێدانی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووکە.
هەروەها حەیان عەبدولغەنی پاڵاوگەی بەرهەم لە گورگەچاڵ و باڵەخانەیەکیش لەنێو کۆمپانیای نەوتی باکوور دەکاتەوە.
دەقی پرسیاری پەیامنێری رووداو و وەڵامی وەزیری نەوت:
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک: بەڕێز وەزیر، رێککەوتنتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەچی گەیشت و کەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە؟
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت: دانوستاندن و کۆبوونەوەکان بەردەوامن لەگەڵ برایانی هەرێم، لە پەیوەندیداین لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە سرووشتییەکان لەبارەی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، ئێستا بەرهەمهێنان لە کێڵگەکان، کە تاوەکو ئێستا کاردەکەن لە کوردستان نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی رۆژانەیە و رێککەتووین لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان 80 هەزار بەرمیلەکەی دیکە وەری دەگرین و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەکەین؛ پشتیوان بەخوا.
رووداو: بەرهەمی ئێستای نەوتی کەرکووک چەندە؟
حەیان عەبدولغەنی: سەبارەت بە بەرهەمی نەوتی کەرکووک، وەکو دەزانن، گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگە نەوتییەکەی کەرکووک واژۆ کردووە. ئێستا بەرهەمی رۆژانە زیاتر لە 350 هەزار بەرمیلە و هەوڵ هەیە بیگەیێنینە 600 هەزار بەرمیل، ئەوەش لەڕێگەی ئەو گرێبەستەوەیە کە لەگەڵ کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم کراوە. پلانمان هەیە بەرهەمی رۆژانە بگەیێنینە 600 هەزار بەرمیل، کە دەرفەتێکیشە بۆ پەرەپێدانی کۆمپانیای گازی باکوور، تاوەکو سوود لەو گازە زیادەیە وەربگرێت؛ پشتیوان بەخوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ