وەزیری نەوت بۆ رووداو: لەگەڵ تورکیا لەسەر بۆریی نەوت رێککەوتنی نوێ دەکەین

06-08-2025
نەهرۆ محەممەد
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، لەگەڵ تورکیا لەسەر بۆریی نەوت رێککەوتنی نوێ دەکەن و ئەمڕۆ یان سبەی نەوتی هەرێمی کوردستان رادەست دەکرێت. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، حەیان عەبدولغەنی لەکاتی سەردانەکەی بۆ کەرکووک لە وەڵامی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو دا رایگەیاند، یەکێک لە مەرجەکانی رێککەوتنی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا ئەوەیە، هەر لایەنێک مافی هەیە ساڵێک پێش وادەی تەوابوونی، رێککەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە، رێککەوتنەکەش بە کارایی دەمێنێتەوە تاوەکو مانگی تەممووزی 2026، لەو ماوەیەدا رێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ تورکیا دەکەن بە ئامانجی چالاککردنەوەی ئەو کارە.
 
بەگوێرەی بڕیارێک کە 21ـی تەممووزی 2025، بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە رۆژی 27ـی تەممووزی 2026ـەوە کۆتایی پێدێت.
 
هەناردەى نەوت لەو بۆرییەوە لە ساڵى 2023ـەوە راگیراوە، کە نەوتى هەرێمى کوردستان و کەرکووکى لە رێگەوە هەناردە دەکرا.
 
وەزیری نەوتی عێراق باسی رێککەوتنی نەوتی لەنێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی "وەک وەزارەتی نەوت و حکومەتی فیدراڵی، رێککەوتنمان لەگەڵ برایانی هەرێمی کوردستان کردووە. دوێنێ لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە پەیوەندیدا بووین و دووپاتیان کردەوە کە ئاستی بەرهەمهێنان گەیشتووەتە نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە."
 
حەیان عەبدولغەنی وردەکاریی دابەشکردنی ئەو بڕەشی خستەڕوو و گوتی: "رێککەوتووین 80 هەزار بەرمیلیان لێ وەربگرین بۆ هەناردەکردن، دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی نێوخۆ و کارپێکردنی پاڵاوگەکانی هەرێم تەرخان دەکرێت، ئەمڕۆ یاخود سبەی نەوتەکە رادەست دەکرێت." 
 
سەبارەت بە میکانیزمی پرۆسەکە، حەیان عەبدولغەنی روونیکردەوە، نەوتە وەرگیراوەکە سەرەتا لە کۆگەکان کۆدەکرێتەوە و دواتر لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە بەرەو بەندەری جەیهان هەناردە دەکرێت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد کە هۆکاری دەستپێکردن بە بڕێکی کەمتر لەوەی پێشتر پلانی بۆ دانرابوو (230 هەزار بەرمیل)، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرش و پەلامارانەی کراونەتە سەر کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەم.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی کردەوە: "لە سۆنگەی پێداگریمان بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردە، بەو بڕەی ئێستا بەردەستە دەست پێدەکەین. پشتیوان بە خودا، دەستپێکردنەوەی هەناردە بۆ بەندەری جەیهان دەبێتە هاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دیکە بگەڕێنەوە و دەست بە کار بکەنەوە."
 
وەزیری نەوتی عێراق راشیگەیاند: "بەگوێرەی دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات. ئێمە پابەندین بە وەرگرتنی نەوتی خاو، کە وەکو قۆناخی سەرەتایی رۆژانە کەمتر نەبێت لە 230 هەزار بەرمیل".
 
دەقی پرسیاری هەردی محەممەد و وەڵامی وەزیری نەوت:
 
بەڕێز وەزیر، تورکیا کارکردنی بەپێی رێککەوتنی پێشوو بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی وڵاتەکەیەوە راگرتووە، لەوبارەیەوە پڕۆژەتان چییە؟
 
حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت: یەکێک لە مەرجەکانی رێککەوتنەکە ئەوەیە، هەر لایەنێک مافی هەیە رێککەوتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە ساڵێک پێش تەواوبوونی کاتی رێککەوتنەکە، رێککەوتنەکەش بە کارایی دەمێنێتەوە تاوەکو مانگی تەممووزی 2026، لەو ماوەیەدا رێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ تورکیا دەکەین بە ئامانجی چالاککردنەوەی ئەو کارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەرووی هورمز

شارەزایەکی بازرگانی: داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات

شارەزایەکی بواری گواستنەوەی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت، داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات و حکومەتی عێراق ناچار دەکات رێڕەوی بازرگانیی خۆی بەرەو بەندەری مێرسینی تورکیا بگۆڕێت، کە ئەوەش تێچوویەکی زۆرتر و کاتێکی زیاتری دەوێت