ئۆنسەیەک زێڕ لە 3600 دۆلار نزیکبووەوە

06-09-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی هەینی نرخی زێڕ ئاستێکی نوێی پێوانەیی و مێژوویی تۆمارکرد و تەنیا چەند سەنتێک لە 3600 دۆلار دوورە.
 
ئامارەکانی پەیوەست بە بازاڕی کاری ئەمریکا لە مانگی هەشتدا ئەگەری دابەزاندنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە بەهێزکردووە.
 
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی بە 1.4٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 3599 دۆلار و 89 سەنت.
 
نرخی زێڕ دوای ئەوەی ئەو ئاستە مێژووییەی تۆمار کرد، لە کاتی داخستنی بازاڕەکان لە 3587 دۆلار داخرا.
 
نرخی کانزای زەرد تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا بە 37٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
لە ساڵی 2024یشدا 27٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی بوو.
 
داتاکانی بازاڕی کاری ئەمریکا دەریانخست ژمارەی هەلی نوێی کارکردن لە مانگی هەشت لەو وڵاتە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا رێژەی بێکاریش بەرزبووەتەوە بۆ 4.3٪ کە ئاماژەیەکە بۆ سستبوونەوەی بازاڕی کار.
 
بازرگانان ئێستا چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ بە 90٪ دەزانن و 10٪ یش چانسی ئەوەیان داناوە بە رێژەی 0.5٪ کەمبکرێتەوە.
 
تای وانگ، بازرگانی سەربەخۆی زێڕ لە شاری نیویۆرک دەڵێت: "سستبوونەوەی بازاڕی کاری ئەمریکا لەلایەن بازرگانانەوە بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لێکدراوەتەوە."
 
کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە بەهای دۆلار کەمدەکاتەوە و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و کانزاکانی دیکەی لێدەکەوێتەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە