رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی 35 ساڵ سەربەخۆیی، ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا لە تۆڕەکانی کارەبای رووسیا دادەبڕێن و بە تۆڕی کارەبای یەکێتیی ئەورووپاوە دەبەسترێنەوە.
رۆڵاند ئیرکلیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بەکارخەری تۆڕەکانی کارەبای لاتڤیا (AST) لەمبارەیەوە دەڵێ، "ئەمە ساتەوەختێکی مێژووییە. هەموو سیستمی کارەبای ئێمە بەسترابووەوە بە سیستمی کارەبای رووسیا و بیلارووسیاوە. لە 20 ساڵی رابردوودا هەوڵی جیدیمان دا بە سیستمی کارەبای ئەورووپاوە گرێ بدرێین. ئێستا ئەو ساتەوەختەیە کە دەتوانین تۆڕەکانی کارەبای خۆمان لە رووسیا جیابکەینەوە."
هەرسێ وڵاتی ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا ئێستا ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆن.
هەرچەندە پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبای ئەو وڵاتانە لە 2018ـەوە کاری لەسەر دەکرێت و، 1.7 ملیار دۆلاری تێدا خەرجکراوە، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا لە ساڵی 2022، بووە پرۆژەیەکی ستراتیژیی ئەورووپا.
کاسپار مێلنیس، وەزیری وزە و گۆڕانی کەشوهەوای لاتیڤیا دەڵێ "رێژەی 80٪ـی ئەم پرۆژەیە لەرێگەی وەبەرهێنانی ئەورووپا کراوە. هەموومان تێچووی ئەم پرۆژەیە دابیندەکەین لەبەرئەوەی ئەم پرۆژەیە بۆ هەموو ئەورووپایە."
ئیستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا 1633 کیلۆمەتر سنووریان لەگەڵ رووسیا هەیە و، لە مانگی 7 ـی ساڵی رابردووەوە رووسیایان لە جیاکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبای خۆیان لەگەڵ کارەبای رووسیا ئاگادارکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ