هەفتەی رابردوو نرخی ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 7 دۆلار بەرزبووەتەوە

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهان دا نرخی ئۆنسەیەک زیو 2.99 دۆلار، یاخود 3.89٪ بەرزبووەوە و بە 79.95 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەر کیلۆیەک زیویش لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 2,569 دۆلارە.
 
پێش داخرانی بازاڕەکان، نرخی زیو ئاستی 80.29 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
لە هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 7 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
داتاکانی دوێنێی بازاڕی کاری ئەمریکا، خواستیان لەسەر زیو زیادکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە نرخی زیو لە دابەزین بوو.
 
وەزارەتی کاری ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا 50 هەزار هەلی کاری نوێ لە کەرتی تایبەت رەخسێندراون، ئەوەش کەمترە لە پێشبینییەکان؛ بێکاریش بۆ 4.4٪ دابەزیوە.
 
ئەم داتایانە ئەگەری بەردەوامیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود بۆ ئەم ساڵ لە ئەمریکا زیاد دەکەن. ئەوەش خواستی لەسەر کانزا گرانبەهاکان وەک پەناگەیەکی ئارام زیادکردووە.
 
جگە لە هۆکارە ئابوورییەکان، ئاڵۆزییە سیاسییەکانی جیهان کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زیو هەبووە. گرژییەکانی پەیوەست بە ڤەنزوێلا و ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ئاسیا، وایانکردووە وەبەرهێنەران زیو وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان ببینن.
 
ئێستا وەبەرهێنەران بە وردی چاودێریی هەنگاوەکانی داهاتووی واشنتن دەکەن، چونکە هەر بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی، دەبێتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی کانزا گرانبەهاکان لە بازاڕەکانی جیهاندا.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە