رووداو دیجیتاڵ
هەناردەی ئامەدی باکووری کوردستان کە ساڵی 2024 بریتی بوو لە 242.8 ملیۆن دۆلار، ساڵی 2025 بە رێژەی 13.5٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 275.6 ملیۆن دۆلار.
ئامەد کە بەهۆی کەشێکی ئارام، دەستی کاری بەهێز لەلایەن گەنجانەوە، ئاسانیی گەیشتن بە بازاڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بوونی هاندانی بازرگانی بووەتە جێی سەرنجی وەبەرهێنەران، رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی هەناردەی بەرزتر دەبێتەوە.
بەگوێرەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد، هەناردەی ساڵی 2024 کە 242.8 ملیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی 2025دا بە رێژەی 13.5% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 275.6 ملیۆن دۆلار.
ئامەد لە ریزبەندیی ئەو پارێزگایانەی زۆرترین هەناردەیان هەیە، لە ماوەی ساڵێکدا لە پلەی 44ـەمەوە بۆ پلەی 42ـەم بەرزبووەتەوە.
نیوەی هەناردەکە بۆ عێراقە
هەناردەی ئامەد بۆ عێراق ساڵی 2024 بریتی بووە لە 130.7 ملیۆن دۆلار و پار بە رێژەی 7.4٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 140.4 ملیۆن دۆلار. هەناردە بۆ عێراق، 50.9٪ی کۆی گشتیی هەناردەی ئەو پارێزگایەی پێکهێناوە.
ساڵی 2025 دوای عێراق، ئەو وڵاتانەی زۆرترین هەناردەیان بۆ کراوە لیبیا، رووسیا، چین و سووریا بوون. لە کەرتی هەناردەکردنیشدا کەرەستە کیمیاییەکان، ئاسن و کانزا، دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان، کارەبا و ئەلیکترۆنیات و مۆبیلیات لە ریزی پێشەوەن.
محەممەد کایا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد رایگەیاند، ئامەد لە هەناردەکردندا گەشەیەکی زیاتری لە تێکڕای تورکیا بەدەستهێناوە و ئەمە گرنگە.
کایا گوتی: "بەشێکی گرنگی هەناردەکەمان پشت بە بەرهەمهێنان دەبەستێت. ئێمە زیاتر ئەو بەرهەمانە هەناردە دەکەین کە لە ناوچەی پیشەسازیی رێکخراودا بەرهەم دەهێندرێن."
کایا ئاماژەی بەوە کرد هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی پارێزگاکە بەراورد بە تێکڕای تورکیا، بۆ هەمەچەشنیی ئەو کاڵایانە دەگەڕێتەوە کە بەرهەم دەهێندرێن.
گوتیشی، "هەمەچەشنیی بەرهەمەکانی ئامەد و هەبوونی جۆرە هەناردەیەک کە پشت بە هاوردەکردن نەبەستێت، وای کردووە تەنانەت لە کاتی بوونی قەیرانیشدا رێگری لە لەدەستدانی هەلی کار و دابەزینی ئاستی هەناردە بکرێت. لە دۆخی ئاساییدا کەرتی قوماش و رستن و چنین لە سێ پلەی یەکەمی هەناردەدایە، بەڵام لەم ماوەیەدا بێ ئەو کەرتەش گەیشتووینەتە ئەو ئامارانە. ئێستا کەرەستە کیمیاییەکان، کەرەستەی بیناسازی، خۆراک و مۆبیلیات بنەمای هەناردەکەمان پێکدەهێنن."
هەناردە بۆ سووریا بە تێکڕا 99٪ زیادی کردووە
کایا رایگەیاند، نیوەی هەناردەی ئامەد بۆ عێراقە و گوتی، ئێستا دەبێت بازاڕی سووریا بکرێتە ئامانج. گوتیشی، هەرچەندە ناچارن لە رێگەی دەروازەی سنووریی جیلڤەگۆزو کاڵا بۆ سووریا بنێرن، بەڵام هەناردەیان بۆ ئەو وڵاتە 99٪ زیادیکردووە.
محەممەد کایا هەروەها دەڵێ، "بە فەراهەمبوونی کەشی ئاشتی لە سووریا و بەتایبەتی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی نسێبین و سەرێ کانی (جەیلان پنار)، بازاڕێکی دووەمی وەک عێراق دروست دەکەین. ئامەد هێزی ئەوەی هەیە بە خێرایی بەسەر ئەو بازاڕەدا زاڵ بێت. ئێستا 55٪ـی هەناردەی پارێزگاکە بۆ سووریا و عێراقە. هەرچی ئاسانکاریی لۆجیستی زیاتر بێت، ئەو ژمارانەش بەرز دەبنەوە."
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد دەستپێشخەری و هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەریی بە هۆکارێکی گرنگ بۆ پێشکەوتنی بارزانی لە قەڵەمدا و گوتی، "ئەو پرۆسەیە دەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابووریی ناوچەکە. گەورەترین سوودی ئەم پرۆسەیە بۆ ناوچەکە و ئامەد دەبێت. ئامەد دەبێتە یەکێک لە گرنگترین دەروازەکانی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی دوور بۆ عێراق و سووریا. ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت، باسی ملیاران دۆلار هەناردەی ئامەد دەکەین".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد بەدیهاتنی ئاشتی لە سووریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بازرگانیی ناوچەکە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی باشووری زیاد دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ