فۆربس: سامانی ترەمپ لە ساڵێکدا 1.4 ملیار دۆلار زیادی کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی نوێترین لیستی گۆڤاری فۆربس بۆ دەوڵەمەندترینەکانی جیهان، سەرمایەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتووەتە 6.5 ملیار دۆلار کە بەراورد بە ساڵی رابردوو، 1.4 ملیار دۆلار زیادی کردووە.
 
لەم راپۆرتەدا لە کۆی 3 هەزار و 428 ملیاردێری جیهان، ترەمپ لە ریزبەندی 645ـەمدایە، لە کاتێکدا ساڵی 2025 لە پلەی 700ـەمدا بوو.
 
هۆکاری سەرەکیی ئەم زیادبوونە چییە؟
 
فۆربس ئاماژە بەوە دەکات کە زیادبوونی سەرمایەی ترەمپ زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانیکردن بە دراوی دیجیتاڵی (کریپتۆ) و هەڵوەشاندنەوەی سزایەکی دارایی.
 
ترەمپ پار نزیکەی 550 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی تۆکنەکانی کۆمپانیای World Liberty Financial دەستکەوتووە، کە کۆمپانیایەکی خێزانییە و لە مانگی ئەیلوولی 2024 دامەزراوە.
 
هەرچەندە بەهای تۆکنەکانی (WLFI) بە رێژەی زیاتر لە 64% دابەزیوە، بەڵام فۆربس بەهای ئەو 15 ملیۆن تۆکنەی ترەمپ بە 175 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت. بە کۆی گشتی، تۆکنەکانی (WLFI) و دراوی ئەلیکترۆنیی جۆری (TRUMP) نزیکەی 570 ملیۆن دۆلار بۆ سەرمایەکەی زیاد دەکەن.
 
هەروەها پشکی 38%ـی لە کۆمپانیاکە کە دراوی جێگیری USD1 دەردەکات، بە 240 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
 
لە مانگی ئابی پار، دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزایەکی دارایی گەورەی دا کە بەهۆی کەیسێکی ساختەکارییەوە لە نیویۆرک بەسەر ترەمپدا سەپێندرابوو، ئەمەش هاوکار بوو بۆ مانەوەی سەرمایەکەی.
 
خانووبەرە و یاریگەکانی گۆڵف
 
یاریگاکانی گۆڵفی ترەمپ کە ژمارەیان 10 یاریگایە لە 6 ویلایەتی ئەمریکا، بەهاکەیان بەرزبووەتەوە. ئێستا بەهای ئەم موڵکانە نزیکەی 550 ملیۆن دۆلارە، لە کاتێکدا پار 340 ملیۆن دۆلار بوو.
 
زیانەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
 
سەرەڕای قازانجەکانی، ترەمپ لە کۆمپانیای (TMTG) کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social)ـە، زیانی کردووە. 
 
مانگی رابردوو پشکەکانی کۆمپانیاکە نزمترین ئاستی مێژووییان تۆمارکرد و بەهای پشکەکانی ترەمپ لە 2.6 ملیار دۆلاری ساڵی رابردووەوە بۆ 1.2 ملیار دۆلار دابەزی. 
 
گۆڤاری فۆربس دەڵێت، ئەگەر دابەزینی بازاڕی کریپتۆ و پشکەکانی (Truth Social) نەبووایە، سەرمایەی ترەمپ زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دەبوو، بەتایبەت کە لە مانگی ئەیلوولدا سەرمایەکەی گەیشتە ریکۆردێکی مێژوویی و 7.3 ملیار دۆلاری تۆمارکردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە