کارەبای عێراق بۆ رووداو: لەگەڵ هەرێمی کوردستان گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی لە هاوین کارەبامان پێ بدەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان هەیە بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کارەبایان پێ بدەن و دەشڵێت لە هاویندا پێویستیان بە 60 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام بەرهەمی ئێستایان 18 هەزار مێگاواتە.
 
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، لە هەرێمی کوردستان هیچ بڕە کارەبایەک رەوانەی عێراق ناکڕێت. پێش رووداوەکان رۆژانە بە تێکڕا 1200 مێگاوات کارەبایان لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکڕی. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە هەندێک کات ئەو بڕە کارەبایەی حکومەتی عێراق لە کەرتی تایبەتی لە هەرێمی کوردستانی دەیکڕی دەگەیشتە 1800 مێگاوات کارەبا. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی: "لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی و گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا کارەبمان پێ بدەن".
 
ئەحمەد موسا عەبادی، باسی بەرهەمی ئێستا کارەبای عێراقی کرد و گوتی: "ئێستا نزیکەی 18 هەزار مێگاوات کارەبایە"؛ هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی کارەبا؛ کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی نیشتمانی و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی گاز"؛ بەڵام بە قسەی ئەحمەد عەبادی، دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەکان، تاوەکو پێش  وەرزی هاوین بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەیێننە 29 بۆ 30 هەزار مێگاوات".
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق پێشبینی دەکات لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا خواست لەسەر بەکاربردنی بگاتە 60 هەزار مێگاوات کارەبا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە