رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای شاماران دەڵێت، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو کێڵگەی ئەترووش و سەرسنگ 50٪ کەمی کردووە و لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بەرهەمهێنان تێیاندا راگیراوە.
بەپێی راپۆرتی دارایی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی کۆمپانیای شاماران، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو کێڵگەی سەرسنگ و ئەترووش دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لە 2ی ئاداری 2026ـەوە بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگەیە راگیراوە و تاوەکو ئێستا دەستپێنەکراوەتەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیاکە، ئاستی بەرهەمهێنان لە چارەکی یەکەمی 2026 بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەم شێوەیە بووە:
کێڵگەی ئەترووش:
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا رۆژانە 20.6 هەزار بەرمیل بووە، لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمی 2025دا رۆژانە 35.3 هەزار بەرمیل بووە.
کێڵگەی سەرسنگ:
لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا رۆژانە 15.3 هەزار بەرمیل بووە، لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمی 2025دا رۆژانە 29.9 هەزار بەرمیل بووە.
داهات زیادی کردووە
سەرەڕای دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان، بەڵام داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی 2026دا گەیشتووەتە 38 ملیۆن دۆلار، ئەمەش 6٪ زیاترە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2025 کە 35.9 ملیۆن دۆلار بووە. شاماران هۆکاری ئەم زیادبوونە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان و فرۆشتنی نەوت بە نرخی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێنێتەوە.
دوو هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی سەرسنگ
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بە کاریگەرییەکانی گرژیی ناوچەکە کراوە و هاتووە، لەماوەی جەنگی ئێراندا، دووجار هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، هێرشی یەکەم لە (5ی ئادار) بووە و ئامێری پاڵاوتنی کێڵگەکە کراوەتە ئامانج و تەقینەوەی لێکەوتووەتەوە. هێرشی دووەم لە 1ی نیسان بووە، کۆگای ئەمبارکردنی کێڵگەکە کراوەتە ئامانج.
کۆمپانیای شاماران یەکێکە لە کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و پشکی لە هەردوو بلۆکی سەرسنگ و ئەترووشدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ