رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی دووەمی لیژنە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان نەکرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. بەرپرسێک لە حکومەتی عێراق دەڵێت، تەواوی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە خراونەتەگەڕ.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 10ی تەمموزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ناکۆکی و بیروڕای جیاواز لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە لەبارەی دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی، کە ئەوەش گرێدراوە بە مووچەوە، پێداگیرییەکان بەم شێوەیە وادەکات چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەوەندە ئاسان نەبێت، بەڵام تەواوی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردن خراونەتەگەڕ، ئەمریکییەکانیش لەسەر هێڵن و هەوڵی نزیکبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن."
بڕیار بوو پێنجشەممە 10ی تەمموزی 2025 کۆبوونەوەی دووەمی لیژنە وەزارەییەکەی حکومەتی عێراق بۆ تاوتوێکردنی هەردوو رەشنووسی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەبارەی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانەوە بکرێت، چەند راسپاردەیەک ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بدرێتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و دەنگی لەسەر بدریت، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، محەممەد تەمیم، وەزیری پلادانانی عێراق، کە سەرۆکی لیژنەکەیە، پاساوی کۆنەبوونەوەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە سەرقاڵە و پابەندبوونی دیکەی هەیە، ناتوانێت ئامادەی کۆبوونەوە بێت، هیچ وادەیەکیش بۆ کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.
جگە لەوەش لیژنەکە هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە وەزیرەکان داوای وردەکارییان لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە کردووە وەک نەوت و لایەنەکانی دیکە لە بارەی داهاتی نەوتی و ناتەوتی و بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران.
لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەکە دا هیچ بەرەوپێشچوونێک نەبووە، سەرەنج و تێبنییەکان خراوەنەتەوەڕوو، هەردوولا سوورن لەسەر داواکارییەکانیان.
شەوی رابردووش، شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بەغدای بەجێهێشت و بە فڕۆکە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.
ئەمە لەکاتێدایە، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران دا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردبوو لە 48 کاژێردا وەڵامی بدرێتەوە.
نزیکەی 70 رۆژە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا کرابوو، بڕیاربوو لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەغدا لە دوایین ساتەکاندا لە رێککەوتنەکان پاشگەزدەبنەوە.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە "ئەوەی بەغدا دەیکات نادەستووری و نایاسایی و گەمارۆدان و بە ئامانجکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە."
هەروەها سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی تەمموزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە دوو هەفتەیە گفتوگۆی جدی لەنێوان حکومەتی هەرێـمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە، هاوکات گوشاری نێودەوڵەتی، ئەمریکا و بەریتانیا هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
پەرلەمانتارەکەی یەکێیی پێیوایە، ئەو لیژنەیە لە ماوەی 24 بۆ 48 کاژێر ناتوانێت ئەو بابەتە گەنگەشە بکات و چارەسەر بکات، بەتایبەتی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
بەگوتەی سروە محەممەد، ئەو لیژنەی حکومەتی عێراق هەوڵدەدات خاڵەکانی نێوان هەردوولا نزیک بکاتەوە و تێگەیشتنی هاوبەش دروست بکەن، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت. هەروەها گوتی راستە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لیژنە دواخراوە، بەڵام بوار هەیە ئەمشەو لیژنەکە کۆبێتەوە، چونکە بە رۆژ ئەندامەکانی زۆر سەقاڵن.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق، رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەم مانگە دادگەکە لەسەر سکاڵایەک دادەنیشێت کە لەلایەن سکاڵاکاران رەمەزان عەبدولڕەحمان، کاروان ئەحمەد سلێمان تۆمارکراون، سکاڵاکاران داوا دەکەن ، بڕیار بدرێت کە وەزارەتی دارایی عێراق گەرەنتی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات بەشێوەی مانگانە و بێ دواکەوتن، بێ روانین لە ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو حکومەت لەسەر راڤەی دەقە یاساییەکانی یاسای بودجەی عێراق یان هەر هۆیەکی دیکە.
هەروەها داواکراوە دادگە فەرمانسالاری دەربکات و وەزارەتی دارایی عێراق ناچار بکات بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان ، سوودمەندانی دەستەبەری کۆمەڵایەیەتی، بەشێوەی دەستبەجێ و لەو مانگەوە تاوەکو ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە.
هەمان رۆژ دادگە سکاڵایەکی دیکەی سکاڵاکاران دلاوەر محەممەد ساڵح، زریان عەلی، سامان عەلی تاوتوێ دەکات، ئەوانیش داوا دەکەن بڕیار بدرێت بە دوورخستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان و خەرجییە کردارییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ