وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و عێراق دەڵێن، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەندییەکان بەهێزتر دەکات

10-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا ستایشی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کرد، بە هەنگاوێکی گرنگیان زانی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە ئەنقەرە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی بۆرییەوە بە "پێشهاتێکی جێگەی خۆشحاڵی" ناوبرد و رایگەیاند، سوودی بۆ هەردوو وڵات و بازاڕەکانی جیهان دەبێت.
 
هاکان فیدان گوتی، "دوای ماوەیەکی زۆر، گواستنەوەی نەوت لە 27ی ئەیلوول لەرێگەی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیاوە دەستی پێکردەوە؛ پێشهاتێکە جێگەی خۆشحاڵیی ئێمەیە. ئەمە بۆ بازاڕی نەوتی جیهان و بۆ سەرچاوەکانی داهاتی عێراقیش پێشهاتێکی زۆر گرنگ بوو."
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئاداری ساڵی 2023ـەوە وەستابوو، دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا لەنێوان ساڵانی 2014 و 2018 بێ رەزامەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە، بۆیە داوای کرد ئەنقەرە 1.5 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بە بەغدا بدات. تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
 
دوای رێککەوتن لەسەر وردەکاریی خەرجیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، هەولێر و بەغدا رازی بوون کە رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکەن و 50 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ پێداویستیی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە. 
 
پێش ئەوەی زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوبەر هەناردە بووەستێت، رۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆرییەوە دەگەیشتە بەندەری جەیهان. 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، هیواخوازن بۆریەکە بگەڕێتەوە سەر "توانای تەواو"ی خۆی و گوتی، ئەوە "سوودێکی گرنگ بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان و قەبارەی بازرگانیمان دەگەیێنێ. لە قۆناخی داهاتوودا، دەمانەوێ لەم بوارەی پێکەوەکارکردنماندا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەینەوە."
 
هاوکات فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دەستپێکردنەوەکە لە ئەنجامی هاوئاهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بووە. بەڵام باسی لەوەش کرد، کە تورکیا "زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر" ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە دەربڕیبوو.
 
فوئاد حوسێن گوتی، "ئێمە خۆشحاڵین بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتەوە. ئەم پرۆسەیە لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم، حکومەتی فیدراڵی و ئەو کۆمپانیایانەی نەوت بوو کە لە کوردستانی عێراق کاردەکەن، بەڵام لە لایەنی تورکییەوە بەردەوام پشتیوانی هەبووە، هەروەها لە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەرەوە لایەنی تورکی رازی و ئامادە بوو بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ [بەندەری] جەیهان."
 
فوئاد حوسێن گوتی، "ئەم هەنگاوە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا زیاد و بەهێز دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە