رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، بڕیاری زیادکردنی باج و گومرگ لەلایەن بەغداوە، ناڕەزایی زۆری بازرگانانی لێکەوتووەتەوە و لە داهاتوودا نرخی هەندێک کاڵا زۆر بەرز دەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026 نەوزاد رەباتی، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا و زیادکردنی گومرگ رایگەیاند، بڕیارەکە زیان بە بازرگانان و هاوردەکاران دەگەیێنێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2023 بڕیاری ژمارە 957ی دەرکرد، تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای پێناسەی گومرگی، ژمارە 22ی ساڵی 2010. نەوزاد رەباتی گوتی، بڕیارەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 جێبەجێنەکرا، بەڵام 01-01-2026، لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، جێبەجێکردنی یاسای پێناسەی گومرگی، گلەیی زۆری بازرگانانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لێکەوتووەتەوە، ''چونکە ئەم پێناسە گومرگییە نوێیە، نرخی راستەقینەی کاڵاکانی بەراورد بە پێشوو زیاتر کردووە.''
پێشتر بەپێی کۆنتێنەر گومرگ بۆ هەر کەلوپەلێکی هاوردەکراو دیاری دەکرا. نەوزاد رەباتی دەڵێت، ''بۆ نموونە ئەو کات کاڵایەک کە نرخەکەی 20 هەزار دۆلار بووبێت، هەر وەک کاڵایەک کە نرخەکەی 100 هەزار دۆلار بووە، یەک رسووماتی گومرگییان خراوەتە سەر، بەڵام ئێستا یاسا نوێیەکە بەپێی سیستمی ئەسیکۆدایە و ناڕەزایی زۆری لێکەوتووەتەوە.''
ئەسیکۆدا کۆدێکی 14 ژمارەیی بێ هاوتایە، کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە نێو سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەی بازرگانی. پێدانی زانیاری و گومرگی پێشوەختە بۆ کاڵا هاوردەکان، بەشێکی سەرەکیی سیستمەکەیە کە تاوەکو ئەمڕۆ هەولێر و بەغدا لەسەر نێوەڕۆکەکەی رێکنەکەوتوون.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی لەبارە هۆکاری ناڕەزاییەکان دەڵێت، ''هەرچەندە عێراق رەتی دەکاتەوە، بەڵام نرخی گومرگ (بەپێی سیستمە نوێیەکە) گران بووە.''
نەوزاد رەباتی نموونە دێنێتەوە و دەڵێت، ''پێشتر گومرگی هاوردەکردنی کیلۆیەک جلوبەرگ 1.5 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بۆ 8 دۆلار زیادی کردووە. هەروەها پێشتر 3% باج وەردەگیرا، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 10%.''
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، ''بەگشتی گومرگ و باج زیادکراون کە ئەمە ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە، چونکە هەندێک کاڵا بەراورد بە پێشوو، لەسەر خەڵک زۆر گرانتر دەبن و بێگومان ئەوەش لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت.''
بەغدا هۆکاری زیادکردنی رەسمی گومرگ بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ دەگەڕێنێتەوە. نەوزاد رەباتی گوتی، ''ئەمە پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، چونکە ئێمە لە هەندێک کەلوپەل و بەرهەمدا نەگەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی.''
دوێنێ شەممە، سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق لەبارەی ئەگەری زیادبوونی نرخی کاڵاکان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ زیادبوونێکی راستەقینە لە نرخی کاڵاکانی بازاڕدا نییە.
سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، هۆکاری بەرزنەبوونەوەی نرخی کاڵاکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو کەلوپەلەی لە بازاڕەکاندا هەن، بە باج و گومرگی پێشوو هاوردە کراون و کاریگەریی سیستمە نوێیەکە لە داهاتوودا دەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ