نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە 69 دۆلار

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوت ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە.
 
بازاڕی نەوت بەدوای دۆزینەوەی ئاراستەی خۆیدا دەگەڕێت و چاوەڕێی ئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە. نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ 23 سەنت بەرزبووەوە و بە 69 دۆلارو 3 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە هەمان رێژە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بە 64 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان رێگەی بە ئێران داوە سووربوون و پێداگربوونی ئەمریکا هەڵسەنگێنێت لە دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ پرسی ئەتۆمیی ئێران. جەختی لەوەش کردەوە، ئەزموونی باشی دانوستاندنیان پێشتر لەگەڵ ئەمریکا نەبووە.
 
شارەزایانی بانکی ئوسترالی - نیوزیلاندی (ANZ) لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "هەرچەندە وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاندووە کە دانوستاندنەکان بەرهەمداربوون، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی پێشانداوە بۆ ناردنی دووەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ کەنداو. ئەوەش گومانی لەسەر ئەنجامی دانوستاندنەکان دروستکردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە