رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی مامەڵەکانی ئەم هەفتەیەدا زیاتر لە 4 دۆلار بەرزبووەوە.
بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت، دوای ئەوە هات کە ئەمریکا و ئێران نەیانتوانی لەسەر پێشنیازەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رێکبکەون.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی 4 دۆلار بەرزبووەوە و بە 105 دۆلار و 48 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا زیاتر لە 5 دۆلار بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 99 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی رابردوو وەڵامی ئێرانی بۆ پێشنیازی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ رەتکردەوە. بەوپێیەش ئاسۆی کردنەوەی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتییە نەوتییەکان تەمومژاویی بووە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت.
رۆژی چوارشەممە چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێک بگاتە چین. بازرگانان ئێستا چاویان لەو کۆبوونەوەیە.
تۆنی سایکامۆر، سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هیوایەک هەیە ئەمریکا دەتوانێت چین هانبدات بۆ ئەوەی گوشار لەسەر ئێران بکات بۆ چارەسەرکردنی داخرانی تەنگەی هورمز."
ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئارامکۆ سەبارەت بە بازاڕی نەوت دەڵێت، "جیهان لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا نزیکەی 1 ملیار بەرمیل نەوتی لەدەستداوە و کاتی دەوێت تاوەکو بازاڕی نەوت بەرەو سەقامگیریی دەڕوات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ