رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی دووبارەی نرخەکانی نەوت، ئەمڕۆ دووشەممە بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
چەقبەستنی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵاوسان بەمزووانە کەم نەبێتەوە و سوودی بانکی لە ئاستێکی بەرزدا بۆ ماوەیەکی درێژتر بمێنێتەوە، ئەوەش زیانی لە نرخی زێڕ داوە.
ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ نزیکەی 30 دۆلار دابەزی و ئێستا بە نزیکەی 4685 دۆلار مامەڵەی پێوەدکرێت.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە، زیانی لە نرخی زێڕ داوە.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "هیواکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەنێوان ئێران و ئەمریکا، کەم بوونەتەوە. نرخی زێڕیش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت، زیانی بەرکەوتووە."
بەپێی راپۆرتێکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە ساڵانە دووجار لەسەر دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە، بڵاودەبێتەوە، بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت نیگەرانی جیدی دروستکردووە لەسەر سەقامگیریی دارایی لەسەر ئاستی جیهاندا.
واتێرێر دەڵێت، لە ماوەی کورتخایەندا و لە ئەگەری بەردەوامی دۆخی ئێستا کە ئاگربەستێکە بەبێ ئەوەی رێککەوتنێک هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، نرخی زێڕ بە ئەگەری زۆرەوە لە نێوان 4400 تاوەکو 4800 دۆلار گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ