رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکان ئاسیا بەرزبووەەوە.
نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 35 سەنت بەرزبووەوە و بە 63 دۆلار و 41 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش نزیکەی 50 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیلی گەیشتە 59 دۆلار و 20 سەنت.
بازرگانانی نەوت چاویان لەسەر هەواڵەکانی پەیوەست بە ئێرانە، بەو پێیەی هەر چەشنە دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا، بەتایبەتی لەم کاتانەدا کە خۆپێشاندانەکان تووندبوونەتەوە و کوشتنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە، دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ پچڕانی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.
هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت بەهۆی دۆخی ئێران، بە رێژەی 3% بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی.
ساول کاڤۆنیچ، لێکۆڵەری وزە لە کۆمپانیای راوێژکاری (ئێم ئێس تی مارکیو) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕی نەوت نیگەرانە لە پچڕانی گواستنەوەی نەوت، بەتایبەتی لە گەرووی هورموز، ئەگەر هاتوو رەوشی ئێران زیاتر تێکچوو."
دانییەل هاینێس، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ئوسترالی - نیوزیلاندی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "داواکراوە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی نەوت پەیوەست بن بە خۆپێشاندانەکانەوە."
ئەو شارەزایە دەشڵێت، "تێکچوونی زیاتری بارودۆخی ئێران دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ نەمانی هەناردەکاری 1.9 ملیۆن بەرمیل لە بازاڕدا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ