رووداو دیجیتاڵ
بازرگانێکی عێراقی دەڵێت، "شۆک بووین" بە بڕی زیادکردنی باج و گومرگ لە لایەن عێراقەوە و دەکرێت قاچاخچێتی زیادبکات. جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووکیش هۆشداری لە هەڵاوسان دەدات. بەهۆی بڕیارەکەشەوە جموجۆڵی بازرگانی لە ئیبراهیم خەلیل سست بووە.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، حکومەتی عێراق پێناسی گومرگی بە رێژەی جیاجیا لەسەر کاڵاکان زیادکردووە.
بەڕێوەبەرى گشتیى دەستەى گومرگى عێراقیش رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی 2026، سەرجەم دەروازە سنوورییەکان جگە لە هەرێمى کوردستان دەچنە نێو سیستمى ئەسیکۆداوە.
زیادکردنی پێناسەکان و پەیوەستنەبوونی هەرێمی کوردستان بە سیستمی ئەسیکۆداوە، زیانی بە بازرگانان گەیاندووە، بەتایبەتی بازرگانانی کورد.
"لە 3 ملیۆن دینارەوە بۆ 10 ملیۆن"
مەیسەم وەعید بۆلانی، بازرگان و پسپۆڕی کاروباری بازرگانی گوتی، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2010ی پێناسی گومرگی، بازاڕی تووشی شۆک کردووە.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر رەسمی گومرگی بە شێوەی "بڕین" (المقطوعة) بووە، بە جۆرێک بۆ هەر کۆنتێنەرێک بڕی 3 ملیۆن دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بڕیارەکە گۆڕدراوە بۆ رەسمی رێژەیی کە تێچووەکەی زۆر زیاترە.
بۆلانی دەڵێت، "کێشەکە لە پرەنسیپی باجەکەدا نییە، چونکە حکومەت مافی یاسایی خۆیەتی باج بسەپێنێت، بەڵکو کێشەکە لەو جیاوازییە گەورەیەیە کە دروست بووە؛ بازرگانێک پێشتر 3 ملیۆن دیناری داوە، ئێستا داوای 10 ملیۆن دیناری لێ دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕ خۆی بەدەست سستی و پاشەکشەیەکی گەورەوە دەناڵێنێت."
بۆلانی هۆشداری دەدات کە ئەم بڕیارە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان.
هەروەها دەڵێت، "ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی هاندانی زیاتری قاچاخچێتی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا، چونکە بازرگانان بۆ دەربازبوون لەم تێچووە زۆرە، پەنا بۆ رێگەی دیکە دەبەن."
مەیسەم وەعید باس لەوەشدەکات، جیاوازیی رێژەی باج لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە. ئەو دەڵێت، "کاتێک بەغدا 30% باج دەسەپێنێت و هەرێمی کوردستان 5% دەسەپێنێت، ئەم 25٪ـەی وەک جیاوازی دەمێنێتەوە، وادەکات بازرگانان دەروازەکانی ناوەڕاست و باشوور [ـی عێراق] جێبهێڵن و روو لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بەتایبەت سلێمانی."
پسپۆڕەکە گوتیشی، حکومەتی فیدراڵ دانی ناوە بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستاندا و نووسراوە فەرمییەکانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە بازگەکان (وەک بازگەکانی کەرکووک و مووسڵ) کاریان پێ دەکرێت، بەڵام جیاوازیی نرخەکە کێبڕکێی لە نێوان خودی دەروازە سنوورییەکاندا دروست کردووە نەک تەنیا بازرگانان.
وەک نموونە باسی لە ئامێرە کارەباییەکان و مۆبایل کرد و گوتی، "پێشتر رەسمی گومرگییان 6.5% بوو، بەڵام ئێستا بەپێی سیستمی نوێی 'ئەسیکۆدا' بووەتە 30%، ئەمە زیادبوونێکی گەورەیە و کاریگەرییەکی توند لەسەر نرخ لە بازاڕەکاندا دروست دەکات و هۆکارێکی سەرەکیش دەبێت بۆ هاندانی قاچاخچێتی."
قسەکانی ئەو بازرگانە ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
"لە هەر 100 دۆلار نزیکەی 17 هەزار دینار زیان"
پەیامنێری رووداو لە زاخۆ دەڵێت، جموجۆڵی بازرگانی بە رێژەی زیاتر لە 65% کەمبووەتەوە و بازرگانان لە هەر 100 دۆلارێکدا نزیکەی 17 هەزار دینار زیان دەکەن.
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو زاخۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە گوتی، لەدوای جێبەجێکردنی بڕیارە نوێیەکانی حکومەتی عێراق لە زیادکردنی باج و گومرگ کە 12 رۆژە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سیستمی ئەسیکۆدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکە پاشەکشەی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی غەریب مەجید، تەنیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیاتر لە هەزار کۆمپانیای بازرگانی هەن، کە ئێستا زۆربەیان کارەکانیان راگرتووە.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەکات، "نزیکەی 90%ی ئەو بازرگانانەی لە ئیبراهیم خەلیلەوە کاڵا دەهێنن، مەبەستیان گەیاندنی کاڵاکانە بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام ئێستا بەهۆی رێکارە نوێیەکان و سیستمی ئەسیکۆدا، ناتوانن کەلوپەلەکانیان دەرباز بکەن و کارەکانیان پەکیکەوتووە."
قسەکانی ئەو پەیامنێرە ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی "ئابووری لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح".
بە گوتەی پەیامنێرەکە، بازرگانانی دەڤەرەکە دەڵێن گرفتی دارایی قووڵیان هەیە کە پەیوەندی بە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و حەواڵەوە هەیە.
غەریب مەجید دەڵێت، "پێشتر حەواڵەی بانکی بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانان دەستەبەر دەکرا، بەڵام ئێستا بازرگانان ناچانە دۆلار لە بازاڕی ئازاد بە گرانی بکڕن. ئەمە وایکردووە بازرگان لە هەر 100 دۆلارێکدا بڕی 15 بۆ 17 هەزار دینار زیان بکات، ئەمەش بارگرانییەکی زۆرە و وای کردووە زۆرینەیان هاوردەکردن رابگرن."
جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" کە حکومەتی فیدراڵ بۆ رێکخستنەوەی گومرگ و رێگریکردن لە قاچاخچێتی و زیادکردنی داهاتی نانەوتی پەیڕەوی دەکات، ئێستا بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەو بازرگانانەی لەنێو سیستمەکە نەبن، دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێنادرێت، ئەمەش زۆربەی بازرگانانی کورد دەگرێتەوە.
بازرگانان ناتوانن مۆڵەتی هاوردەکردن و رێکارەکان لەگەڵ ئەم سیستمە نوێیەدا بگونجێنن، بەتایبەت کاتێک دەیانەوێت کاڵاکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو شارەکانی دیکەی عێراق ببەن.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، "ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی کە پێشتر رۆژانە بە سەدانیان لێ دەرباز دەبوون، ئێستا ژمارەیان زۆر کەمبووەتەوە. بازرگانان دەڵێن ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، نەک تەنیا بازرگانی، دوور نییە بازاڕەکانی ناوخۆش تووشی گرانییەکی بێوێنە ببن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ