کەی گرفتی پڕۆژەی دەشتی بەهەشت چارەسەر دەکرێت؟

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەم زووانە رێکاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی گرفتی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دەشتی بەهەشت دەگرنەبەر.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 12-01-2026، محەممەد شوکری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەوەی ئاشکرا کرد، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، کێشەی چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون چارەسەر کراون و ئێستا خەڵک تێیاندا نیشتەجێن، ''بەڵام نموونەیەکی وەک دەشتی بەهەشت ماوە کە کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەویش دەکرێ.''
 
پڕۆژەکە ساڵی 2010 بەردی بناخەی دانراوە، تاوەکو ئێستا تەواو نەکراوە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''بابەتەکە لەسەر ئەوە ماوەتەوە کە کامە وەبەرهێنەر دەتوانێت قەرەبووی ئەو هەموو زیانەی خەڵک بکاتەوە.''
 
پڕۆژەی دەشتی بەهەشت دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێر و لە 427 ڤێلا و 1,122 شووقە پێک دێت. گوژمەی پڕۆژەکە 200 ملیۆن دۆلار بوو. لە ساڵی 2010 مۆڵەتی پێدرا و دەبوو لە ساڵی 2013 تەواو بکرایە، بەڵام وەبەرهێنەرەکەی کە خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی عادل موتەحیدە بوو، کارەکەی تەواو نەکرد و جێیهێشت.
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دڵنیایی دا بە خەڵک کە ''هیچ پڕۆژەیەکی دیکەی نیشتەجێبوون بەو شێوەیەی دەشتی بەهەشت پەکی ناکەوێ و سەرجەم پڕۆژەکان بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن.''
 
بەگوتەی محەممەد شوکری، لە ساڵی 2006ـەوە، هەزار و 730 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوە، تەنیا 17٪ـیان تایبەتن بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون.
 
لەبارەی ژمارەی پڕۆژەی نیشتەجێبوون، لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانیەکەدا سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: ''ئەمە رێژەیەکی کەمە و لە بەرامبەردا پڕۆژەکان زیاتر تایبەتن بە کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، پەروەردە و تەندروستی.''
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوەش کرد، لە داهاتووشدا زیاتر گرنگی بە کەرتی پیشەسازی دەدرێ و دەڵێت: ''کار بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکرێ. هەروەها لە ساڵی 2026 تاوەکو 2030، کەرتی گەشتوگوزار گۆڕانکاریی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت.''
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە