رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 30 سەنت بەرزبووەوە و بە 104 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 31 سەنت بەرزبووەوە و بە 98 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ چەقی بەستووە و دوو لایەنەکە سوورن لەسەر داواکارییەکانیان. ئەوەش ئاسۆی کردنەوەی تەنگەی هورمزی تەموومژاوی کردووە.
دوێنێ هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس بە رێژەی 2.8٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی.
ئێران و ئەمریکا لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران و قەرەبووکردنەوەی ئەو وڵاتە ناکۆکییان هەیە.
جگە لەوەش ئێران جەختی لەسەروەری خۆی کردووەتەوە لە تەنگەی هورمز و بەنیازە لەڕێگەی وەرگرتنی باجەوە داهات بە دەستبهێنێت.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی ئەنجامی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ناڕوونە و گواستنەوەی دەریایی لە تەنگەی هورمز سنووردارە، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین نرخەکانی نەوت لە سەرووی 100 دۆلارەوە مامەڵەیان پێوەبکرێت."
واتێرێر دەڵێت: "ئەگەر چارەسەرێک لە میانەی دانوستاندنەکان دەربکەوێت بە خێرایی نرخی نەوت 8 تاوەکو 12 دۆلار دادەبەزێت."
ئەو پێیوایە ئەگەر گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران تووندتر بکرێن نرخی نەوت زۆر بە ئاسانی بەرزدەبێتەوە بۆ سەرووی 115 دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ