راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: حکومەت بیر لە دابەزاندنی بەهای دینار ناکاتەوە

13-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حکومەت نیازی هەیە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێنێ و دەڵێت: "دوایین شت حکومەت بیری لێبکاتەوە، گۆڕینی بەهای دراوە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 13-08-2025 موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سیاسەتی دراو لە عێراق "گرێبەستێکە" لەنێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی، چونکە یەدەگی نەختینەیی کە پشتیوانی لە دینار دەکات، لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە بەهای دینار بەهێزە.
 
راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، "گۆڕینی بەهای دراو لە ماوەیەکی کورتدا سیاسەتێکی خراپە. نەوت کاڵایەکی جیهانییە و بە گۆڕینی بەهای دینار کاریگەر نابێت. حکومەت بەردەوام کار بۆ بەهێزکردن و باشترکردنی بەهای دینار دەکات، نەوەک دابەزاندنی."
 
ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک شارەزای ئابووری و پەرلەمانتار رایانگەیاند، دەکرێت حکومەت دوای هەڵبژاردنەکان پەنا بۆ دابەزاندنی بەهای دینار ببات، بەهۆی ئەوەی گوایە کێشەی کەمیی نەختینە هەیە، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی خەرجکردنی بەشێک لە بودجەی ساڵی 2025.
 
موزهر محەممەد ساڵح گوتیشی، "هیچ پلانێکی لەو شێوەیە نە ئێستا و نە دوای هەڵبژاردن لەئارادا نییە. تەنیا لە دۆخێکی لەناکاوی گەورەدا نەبێت کە پێشبینی ناکەم رووبدات، دەستکاریی نرخی دراو ناکرێت."
 
راوێژکارە ئابوورییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیوایە، دابەزاندنی بەهای دینار "خراپترین جۆری دابینکردنی داراییە" و بە "دەستبردن بۆ گیرفانی هاووڵاتی" ناوی دەبات، چونکە بەهای داهاتی راستەقینەی خەڵک کەمدەکاتەوە.
 
سەبارەت بە چارەسەری کەمیی نەختینە، موزهر محەممەد ساڵح گوتی: "پێویستە کار لەسەر باشترکردنی سیستمی دارایی و زیادکردنی داهاتەکان بکرێت."
 
بەگوێرەی بانکی ناوەندیی عێراق، نرخی فەرمیی 100 دۆلاری ئەمریکی بە 132 هەزار دینارە، بەڵام لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە نزیکەی 140 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەرووی هورمز

شارەزایەکی بازرگانی: داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات

شارەزایەکی بواری گواستنەوەی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت، داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات و حکومەتی عێراق ناچار دەکات رێڕەوی بازرگانیی خۆی بەرەو بەندەری مێرسینی تورکیا بگۆڕێت، کە ئەوەش تێچوویەکی زۆرتر و کاتێکی زیاتری دەوێت