رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، لە 15 مانگدا زیاتر لە 28 تۆن زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەفەوە هاوردە کراوە و داهاتەکەش زیاتر لە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 1ی تشرینی یەکەمی 2023وە تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2024، بڕی 28 تۆن و 298 کیلۆ و 82گرام زێڕ لە هەردوو فڕۆکەخانەی بەغدا و نەجەف هاوردە کراوە."
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2023ـدا 3 تۆن و 916 کیلۆ و 418 گرام زێڕ هاوردە کراوە و لە ساڵی 2024ـیشدا زیاتر لە 24 تۆن هاوردە کراوە."
بە گوتەی عەبدولزەهر هینداوی، "داهاتی بەدەستهاتوو لەو رێگەیەوە زیاتر لە پێنج ملیار و 536 ملیۆن و 470هەزار و 250 دینار بووە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025ی دەزگای ناوەندیی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆری، فەیاز دلێمی، سەرۆکی دەزگاکە رایگەیاندووە، دوای کردنەوەی یەکەکانی پشکنین لە هەردوو فڕۆکەخانەکە، بەشی زێڕینگەری سەرجەم بڕە هاوردەکراوەکانی پشکنیوە و مۆری کردوون.
فەیاز دلێمی دەڵێ، دەزگای ناوەندیی پێوانە و کۆنترۆڵی جۆری، تاکە لایەنی فەرمییە کە مۆڵەتی پشکنین و مۆرکردنی زێڕ و دەرکردنی مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە و تۆمارکردنی هەناردەکردنی زێڕیش لە عێراق لە ئەستۆی ئەواندایە.
فەیاز دلێمی باس لەوە دەکات، هیچ هەناردەکردنێکی زێڕ تۆمارنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ