هەڕەشەی نوێی ئێران بۆ بنی دەریاکانە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عومەر ئەحمەد
A+ A-
 
لە 22ی نیسانی 2026، وتارێکی کورت لە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، باڵی میدیایی نیمچە فەرمیی سوپای پاسداران بڵاوکرایەوە. وتارەکە ناونیشانەکەی بریتی بوو لە (سێ هەنگاوی کردەیی بۆ بەدەستهێنانی داهات لە رێگەی کێبڵەکانی ئینتەرنێتی تەنگەی هورمزەوە). لە رواڵەتدا وەک پێشنیازێکی نوێی سیاسەتی ئابووری دەردەکەوت، بەڵام شارەزا سەربازییەکان کە کار لەسەر ژێرخانە هەستیارەکان دەکەن، بەشێوازێکی زۆر جیاواز خوێندنەوەیان بۆ بابەتەکە کرد. لە ماوەی چەند کاژێرێکدا، کۆمپانیای (ئالکاتێل) کە گەورەترین کۆمپانیای کێبڵی ژێر دەریایە لە جیهان دا و لقێکی کۆمپانیای نۆکیایە، باری نائاسایی بۆ سەرجەم کارەکانی لە کەنداو راگەیاند.
 
ئەو نەخشەیەی کە لە تەسنیم بڵاوبووەوە، حەوت سیستەمی سەرەکیی کێبڵی فایبەر ئۆپتیکی نیشاندەدا کە بەنێو تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن. ئەم کێبڵانە نەوت ناگوازنەوە، بەڵکو شتێک دەگوازنەوە کە کاریگەرییەکەی زۆر زیاترە؛ ئەویش داتای دارایی جیهانی مۆدێرنە. بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کە لەلایەن (سەنتەری ستیمسۆن)ـەوە ئاماژەیان پێکراوە و لەلایەن چەندین پەیمانگەی توێژینەوەی پەیوەندییەکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە، رۆژانە نزیکەی 10 تریلیۆن دۆلار مامەڵەی دارایی لە رێگەی ئەم کێبڵانەوە دەکرێت. کۆمەڵەی پەیوەندییە داراییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان بانکەکان کە بە سویفت دەناسرێت 11 هەزار بانک لە 200 وڵاتدا لە رێگەی ژێرخانی فایبەر ئۆپتیکەوە پێکەوە دەبەستێتەوە، کە لە خاڵێکی یەکجار هەستیاردا لە ژێر ئەو ئاوانەدا کۆدەبنەوە کە ئێستا ئێران بانگەشەی مافی کۆنترۆڵکردنیان دەکات.
 
حەوت کێبڵەکە
 
تۆڕیAAE-1، (ئاسیا-ئەفریقا-ئەورووپا 1) کێبڵێکی 25,000 کیلۆمەترییە و توانای گواستنەوەی زیاتر لە 100 تێرابیتی هەیە لە چرکەیەکدا و هۆنگ کۆنگ بە فەرەنساوە دەبەستێتەوە لە رێگەی ئیمارات، عومان، قەتەر و سعودیە. 
 
تۆڕی FALCON کە بەنێو هیندستان، سریلانکا و هەر شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداودا تێدەپەڕێت.
سیستمی SEA-ME-WE 5 کە سەنگافورە بە فەرەنساوە دەبەستێتەوە لە رێگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە. 
 
سیستمی، SEA-ME-WE 6، درێژکراوەی SEA-ME-WE 5  تونای ئەو هێڵە لە 24 تێرابیتەوە بەرزدەکاتەوە بۆ 100 تێرابیت و لە قۆناخی جێبەجێکردندایە.
 
کێبڵی (Gulf Bridge International - GBI)  کە هەموو وڵاتانی کەنداو بەیەکەوە دەبەستێتەوەو وێستگەیەکی بەیەکگەیشتنی لە خودی ئێران دا هەیە.
 
2Africa Pearls / FIG (Ooredoo) کە لە قۆناخی جێبەجێکردندایەو تواناکەی 180 تێرابیتە.
 
پێکەوە، ئەم کێبڵانە رێڕۆی سەرەکی داتان لە نێوان ئاسیا و ئەورووپا، کە مەزەندە دەکرێت لە نێوان 17% بۆ 25%ی ترافیکی ئینتەرنێتی جیهانی لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا بگوازنەوە.
 
گرنگترین خاڵ لێرەدا ئەوەیە کە هەموو کێبڵەکانی ئێستا لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بە ئەنقەست لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی عومان لەنیو گەرووەکەدا مۆڵەتی بۆ وەرگیراوە و دانراون. ئەمە بەتایبەتی بۆ دوورکەوتنەوە بووە لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران. لەبەرئەوەیە بانگەشەی ئێران بۆ کۆنترۆڵی کێبڵەکانی ژێر دەریا لە کەنداو، بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، لەڕووی یاساییەوە جێگەی مشتومڕە، بەڵام وەک دامەزراوەی توێژینەوەی ستراتیژی ( FRS) لە هەڵسەنگاندنی ساڵی 2024ی خۆیدا ئاماژەی پێکردووە، دەسەڵاتی یاسایی تەنیا بابەتێکی تیۆرییە کاتێک ئەو لایەنەی بانگەشەکە دەکات خاوەنی ژێردەریایی، مەلەوانانی جەنگی و ئامێری ژێردەریایی بێفڕۆکەوان بێت لە مەودایەکی نزیک لە کێبڵەکاندا.
 
پلانەکەی ئێران
 
لە وتارەکەی تەسنیم دا پلانی ئێران بۆ کێبڵەکانی ئێنتەرنێتی کەنداو بەم شێوازە باسی لێوەکراوە:
1. وەرگرتنی کرێی مۆڵەتی سەرەتایی و کرێی نوێکردنەوەی ساڵانە لە هەموو ئەو کۆمپانیا بیانیانەی کە ژێرخانی کێبڵ لە تەنگەکەدا بەڕێوە دەبەن.
 
2. وەرگرتنی "پارەی پاراستن"ی ساڵانە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیا لەوانە مێتا، ئەمەزۆن و مایکرۆسۆفت، کە داتاکانیان بەنێو ئەو رێڕۆیانەدا تێدەپەڕن.
 
3. کۆنترۆڵی تەواوی و بێ رکابەری کۆمپانیا ئێرانییەکان بەسەر هەموو کارەکانی چاککردنەوە و چاکسازی لەنێو ناوچە دیاریکراوەکاندا.
 
زۆر ئەستەمە ئێران ئەو خاڵانەی بۆ جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئایا ئێران بەڕاستی دەتوانێت کێبڵەکان ببڕێت، ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێنەکرێن؟
 
بەپێی هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان و داتاکانی ژێرخان، وەڵامەکە "بەڵێ"یە، ئەگەر فەرمانەکە بدرێت. هێزی دەریایی سوپای پاسداران ژێردەریایی جۆری (غەدیر) و (نەهەنگ) بەکاردەهێنێت کە بە تایبەت بۆ ئاوە کەم قووڵەکانی کەنداو دروستکراون. هەروەها ئامێری بێفڕۆکەوانی ژێردەریایی، بەکاردەهێنێت. 
 
لە شوباتی 2024 دا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پشتڕاستیکردەوە کە دەستی گرتووە بەسەر پارچەکانی ئامێری بێفڕۆکەوانی ژێردەریایی ئێران دا، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەم تەکنەلۆجیایەی سوپای پاسداران بە کرداری هەیە. کێبڵەکانی نزیک بنکەی دەریایی (جاسک)، لە قووڵایی نێوان 30 بۆ 70 مەتردان کە مەلەوانە جەنگییەکانی سوپای پاسداران دەتوانن بە ئاسانی دەستیان پێ بگات.
 
ناوچەی جاسک گرنگییەکی زۆری هەیە. دەکەوێتە بەرامبەر کەنارە ئاوییەکانی عومان لە نزیک تەنگەی هورمز، رێک ئەو شوێنەی کە چەندین تۆڕی کێبڵی ئینتەرنێت تێیدا کۆدەبنەوە بەر لەوەی جیاببنەوە بەرەو وێستگەکانی کەنداو لە فوجەیرە، عومان، قەتەر، سعودیە و کوێت. یەک ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانە لەم ناوچەیەدا، دەتوانێت لە یەک کاتدا چەندین تۆڕ و سیستمی کێبڵ پەک بخات. کاتێک حوسییەکان زیانیان بە سێ کێبڵی ژێر دەریای سوور گەیاند لە سەرەتای 2024دا، چاککردنەوەیان نزیکەی شەش مانگی خایاند. شیکارییەکانی نیسانی 2026 ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکێک لەو کێبڵانەی ئەوکات زیانی پێگەیشتووە، تاوەکو ئەمڕۆش چاک نەکراوەتەوە.
 
چاککردنەوە لە ناوچەی جەنگ دا ئێستادا زۆر سەختترە. راگەیاندنی باری نائاسایی لەلایەن کۆمپانیای ئالکاتێل تەنیا راگەیێندراوێکی رۆژنامەڤانی نییە، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکی یاساییە لەسەر ئەوەی ناتوانێت گرێبەستییەکانی جێبەجێبکات. هیچ کەشتییەکی تایبەت بە دانانی کێبڵ کە تێچووی رۆژانەی 100,000 بۆ 150,000 دۆلارە ناچێتە ناوچەیەک کە مین لە بنی دەریاکەیدا هەبێت. بەپێی بلومبێرگ کەشتی (ئیل دی باتز)ـی کۆمپانیای ( ئالکاتێل) لە سەرەتای مانگی ئادارەوە لە بەندەرێکی سعودیە گیری خواردووە. 
 
قەیرانێکی بێ چارەسەر
 
ئەوەی هەڕەشەی ئێران زۆر مەترسیدار دەکات، پەککەوتنی هاوکاتی رێڕۆکانی دیکەیە. ئینتەرنێتی نێوان ئاسیا و ئەورووپا پشتی بە دوو رێڕۆ بەستووە، دەریای سوور و کەنداو. ئەم دوو هێڵە بۆ ئەوە دروستکراون کە ببنە جێگرەوەی یەکتر، بەڵام ئێستا بۆ یەکەم جار، هەردوو رێڕۆکە لە یەک کاتدا مەترسییان لەسەرە. کێبڵەکانی دەریای سوور هێشتا بە رێژەی 70% بۆ 75%ی توانای خۆیان کار دەکەن. تاکە رێگەیەک کە ماوە، رێگەی (کەیپ ئۆف گوود هۆپ)ـە لە ئەفریقا، کە بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئەفریقا دروستکراوە نەک بۆ هەڵگرتنی داتای 4.5 ملیار کەس لە ئاسیا و ئەورووپا.
 
مەترسییەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو
 
سعودیە و ئیمارات سەدان ملیار دۆلاریان بۆ ژێرخانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرد تەرخان کردووە. ئەمەزۆن دامەزراندنی سەنتەرێکی 5 ملیار دۆلاریی لە ریاز ڕاگەیاندووە. کۆمپانیای ( ئۆپن ئەی ئای) کەمپێکی 30 ملیار دۆلاری لە ئەبوزەبی دروست دەکات. بەپێی شیکارییەکان، تەنیا ئیمارات خاوەنی 283  ناوەندی داتایە کە بە فۆجەیرەدا تێدەپەڕن. هەڕەشەی کێبڵەکان مەودای هێرشەکان لە دامەزراوە فیزیاییەکانەوە فراوانتر دەکات بۆ ئەو دەمارە دیجیتاڵییانەی کە ناوچەکە بە جیهانەوە دەبەستنەوە.
 
کۆمپانیای ( رایستاد ئێنێرجی ) مەزەندەی کردووە تێچووی چاککردنەوەی ژێرخانی وزە لە جەنگی ئێران دا بگاتە 26 ملیار دۆلار، بەڵام تێچووی پەککەوتنی دیجیتاڵی زۆر زیاتر دەبێت و مەترسی لەسەر 10 تریلیۆن دۆلار لە گواستنەوەی رۆژانە دروست دەکات.
 
کارتی گوشار
 
زۆربەی شارەزایان پێیانوایە ئێران لە ئایندەیەکی نزیکدا کێبڵەکان نابڕێت، لەبەرئەوەی زیان لە خۆیشی دەدەات. کێبڵی GBI وێستگەیەکی لە خودی ئێران دا هەیە و بڕینی رێڕۆکە، دابڕانی دیجیتاڵیی ئێران خێراتر دەکات. بەپێی داتاکانی (نێتبڵۆکس)، تۆڕەکانی ئینتەرنێتی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە ترافیکیان گەیشتووەتە نزیکەی سفر. ئابووریی ئێران خۆی لەم کاتانەدا کە گەمارۆیەکی تەواوی لەسەرە رۆژانە نزیکەی 455 ملیۆن دۆلار زیانی بەر دەکەوێت. 
 
ستراتیجی تاران ئەوەیە کە هەڕەشەکە بخاتە سەر مێزی دانوستاندن. مەبەست لێی ئەوەیە بە ئەمریکا بڵێت کە زیادکردنی گرژییەکان، باجێکی دیجیتاڵیی دەبێت کە زیاتر دەکەوێتە سەر شانی وڵاتانی کەنداو. زیانەکان لە ئێستاوە بوونەتە زیانی راستەقینە. سێ پڕۆژەی نوێی دانانی کێبڵی ئینتەرنێت بە بەهای نزیکەی 2 ملیار دۆلار ئێستا راگیراون. ئێران پێویستی بە بڕینی یەک کێبڵیش نەبووە بۆ ئەوەی ملیاران دۆلار وەبەرهێنان رابگرێت و گەورەترین کۆمپانیای تایبەت بە کێبڵی ئینتەرنێت ناچاری کشانەوە بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە