نرخی زێڕ لە 3690 دۆلار نزیکبووەوە

16-09-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئاستێکی نوێی مێژوویی تۆمار کرد و ئۆنسەیەکی 3689 دۆلاری تێپەڕاند.
 
رۆژی دووشەممەش نرخی زێڕ ژمارەیەکی پێوانەیی دیکەی تۆمارکردبوو، توانی 3686 دۆلار دەرباز بکات.
 
دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بووە هۆکار بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە نرخی زێڕ ئاستی مێژوویی نوێ تۆماربکات.
 
ئێستا ئۆنسەیەک زێر بە نزیکەی 3680 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم)، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بازرگانان گرەویان لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی کردووە. هەستی بازرگانان بۆ کڕینی زێڕ زۆر بەهێزە."
 
ئەو شارەزایە دەڵێت: "بازرگانان پێشبینی کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکەن و ئەگەر بانکی ناوەندی بە ئاراستەی ئەو پێشبینییانە هەنگاو بنێت، ئەوا ئەگەری گەیشتنی نرخی زێڕ بۆ ئاستی 3700 دۆلار هەیە. بەڵام ئەگەر بریاری بانکی ناوەندی ئەمریکا هاوتەریب نەبێت لەگەڵ هەستی بازرگانان، بەپێچەوانە ئەگەری دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ لە ئارادایە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، داوای دابەزاندی زۆر لە سوودی بانکی لە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا کردووە.
 
چاوەڕوان دەکرێت، بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەی سبەی بریار لەسەر کەمکردنەوەی 0.25٪ ـی سوودی بانکی بدات و هەندێکیش چانسێکیان هێشتووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی بەڕیژەی 0.50٪.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە