دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق 8 بڕیار لەبارەی هاوردەکردنی کاڵا لە هەرێمی کورستانەوە دەردەکات

17-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق 8 بڕیاری دەرکردووە و داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات پێیانەوە پابەندبێت.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق رۆژی 14ی ئەم مانگە لە نووسراوێکی 8 خاڵیدا وردەکاری چۆنێتی هاوردەکردنی کاڵای لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق روونکردووەتەوە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت، ئەوا گرفت بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە دەرەوە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دروست دەبێت، "حکومەتی عێراق جارێکی دیکە گومرگ وەردەگرێت لەو خاڵانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سنووری کەرکووک و نەینەوا دایناون."
 
حەیدەر عەلی حوسێن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باجەکانی عێراق، رۆژی 14ی ئەیلوول نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەش و لقەکانی دەستەکە کردووە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
 
نووسراوەکە لەسەر بنەمای راسپاردەی لیژنەی تەکنیکیی ژمارە 12ـی رۆژی 08-09-2025 دەرچووە و تایبەتە بە رێگەدان بە هاوردەکردنی کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
لیژنەی تەکنیکی دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە، ئەم راسپاردانەی خستوەتەڕوو:
 
1- پشتبەستن بە زانیاریی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان: کاتێک کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی خۆیان تۆماردەکەن، دەبێ زانیارییە سەرەتاییەکانیان وەک بنەما وەربگیرێت.
 
2 - پێشکێشکردنی ئەستۆپاکی و زانیاریی دارایی:
 
- کۆمپانیا و تاکەکان پێویستە ئەستۆپاکی لەگەڵ کۆپییەک لە داتای دارایی ساڵی رابردوو کە لە هەرێمی کوردستان دەرچووە، پێشکێش بکەن.
 
- پێویستە داتاکە بیسەلمێنێت کە باجی ساڵی رابردوویان بۆ هەژمارکراوە.
 
- پێویستە بارکۆد یان سەکۆیەکی ئەلیکترۆنیی هاوبەش لەگەڵ دەستەی باج و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هاوپێچ بکرێ.
 
3-  پێشکێشکردنی پسووڵەی بازرگانی و هەژمارکردنی سپاردە:
 
- هاوردەکار پێویستە پسووڵەی بازرگانیی تایبەت بەو کاڵایە پێشکێش بکات کە دەیەوێ لە رێگەی دەروازە فیدراڵییەکانەوە هاوردەی بکات.
 
- ئەم رێکارە بۆ ئەوەیە سپاردەکەی بەگوێرەی رێکارە کارپێکراوەکانی دوایین ساڵی خەمڵێندراو هەژمار بکرێت.
 
- کاتێک سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ کرا، سپاردەکە دادەشکێندرێ و بۆ دەستەی باج دەگوازرێتەوە.
 
- پێویستە هاوردەکار قەبارەی کاڵا هاوردەکراوەکەی روون بکاتەوە و بەرپرسیارێتیی دروستیی زانیارییەکان لەئەستۆ بگرێت.
 
4-  کردنەوەی دۆسیە و پێدانی ناسنامەی باج:
 
- دۆسیەیەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و ناسنامەی باجی پێدەدرێ، بە پشتبەستن بە تۆماری بازرگانیی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی رێکارەکانی سەرەوە.
 
- بۆ تاکەکان، پێویستە دڵنیا بکرێتەوە کە لە سیستمی باجی داهات تۆمارکراون، دوای ئاگادارکردنەوەیان.
 
5-  شوێنی کردنەوەی دۆسیە:
 
- دۆسیەی کۆمپانیاکان لە بەشی کۆمپانیاکان و بەشی باجدەرە گەورەکان دەکرێتەوە، بەگوێرەی تایبەتمەندییان.
 
- تاکەکان پێویستە دۆسیەکانیان لە نزیکترین لقی باج لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
 
6 - رێکخستنی نووسراو بۆ دەستەی گشتیی گومرگەکان:
 
- دوای پێدانی ژمارەی باجی هاوردەکار (کۆمپانیا یان تاک)، یەکێک لە بەشەکانی (کاروباری بازرگانی / کۆمپانیاکان / باجدەرە گەورەکان) بەگوێرەی پسپۆڕیی خۆی، نووسراوێک رێکدەخات.
 
- نووسراوەکە وردبینیی ئەستۆپاکی، ژمارەی دۆسیە، ژمارەی تۆماری بازرگانی (بۆ کۆمپانیاکان) یان ژمارەی باجی تاک، لەگەڵ نووسراوی وردەکاریی لقە پەیوەندیدارەکە و بارکۆد لەخۆدەگرێت.
 
- نووسراوەکە لەلایەن بەشە پەیوەندیدارەکەوە ئاراستەی دەستەی گشتیی گومرگەکان دەکرێت.
 
7 - ئەرکی بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری (IT) سەبارەت بە تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان:
 
- بەشی IT دەبێ سیستەمێک کارا بکات کە تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
 
- ئەم کارە بە پشتبەستن بە تۆماری بازرگانی (کە لە 14 ژمارە پێکدێ) بۆ دەرکردنی ناسنامەی باجی تایبەت بە کۆمپانیاکان.
 
8 - دڵنیابوونەوە لە لایەنە تەکنیکییەکان:
 
- بەشیIT دەبێت دڵنیایی لە هەموو لایەنە تەکنیکییەکان بکاتەوە، لە رێگەی ئامادەکردنی بەرنامەیەکی تایبەت بۆ دەرکردنی ناسنامەی باج بۆ کۆمپانیا و تاکەکان.
 
- پێویستە هەموو لقەکان هاوئاهەنگی لەگەڵ بەشی IT بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە