رووداو دیجیتاڵ
بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران، بانکی ناوەندیی ئیمارات پاکێجێکی پشتیوانیی راگەیاند، کە ئامانج لێی پتەوکردنی کەرتی بانکی و پاراستنی سەقامگیریی داراییە لە وڵاتەکە.
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات رایگەیاند، پاکێجەکە پێنج خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە سیولەی دارایی لە رێگەی کەمکردنەوەی مەرجەکانی یەدەگی ناچاری، دابینکردنی ئاسانکاری بە درهەم و دۆلار، کەمکردنەوەی کاتیی پێداویستییەکانی سیولە و سەرمایە، کە ئەمەش نەرمی زیاتر بە بانکەکان دەدات بۆ پشتیوانیکردنی ئابووری.
هەروەها، رێکارەکان نەرمی نواندن لە بەڕێوەبردنی مەترسییەکانی قەرز لەخۆدەگرن، لە رێگەی دواخستنی پۆلێنکردنی قەرزەکانی ئەو بریکارانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامیی بانکەکان لە دابینکردنی پارە بۆ چالاکی ئابووری.
بانکی ناوەندیی ئیمارات دەڵێت، قەبارەی پاکێجەکە تریلیۆنێک درهەمە کە دەکاتە 270 ملیار دۆلار.
بانکەکە دەشڵێت، ئەو سیولەیەی لەلایەن بانکەکانەوە لە بانکی ناوەندی پارێزراوە، لەگەڵ ئەو سامانەی هەیانە، نزیکەی 920 ملیار درهەمە، کە زیاتر لە 400 ملیار درهەمی یەدەگی بانکەکانە.
بانکی ناوەندی، جەختی لە ئامادەیی خۆی کردەوە بۆ بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی سیاسەتی نەختینەیی بەردەست بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی سیستمی دارایی، لەگەڵ پاراستنی رۆڵی کەرتەکە لە پشتیوانیکردنی رکابەریی ئابووریی وڵات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ