تێچووی ژیان بۆ خێزانێکی چوار کەسی لە تورکیا 2260 دۆلاری تێپەڕاندووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتیی تورکیا، هێڵی برسییەتی و هەژاری لە تورکیا گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ. تێچووی ژیانێکی شایستە بۆ خێزانێکی چوار کەسی 100 هەزار لیرە (نزیکەی 2260 دۆلار)ی تێپەڕاندووە.
 
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتیی تورکیا راپۆرتی "هێڵی برسییەتی و هەژاری" بۆ مانگی ئاداری 2026 بڵاوکردەوە. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە پشتی بە داتاکانی دەستەی ئاماری تورکیا (تویک)یش بەستووە، بۆ ئەوەی خێزانێکی چوار کەسی بتوانن خۆراکێکی تەندروست بخۆن، پێویستیان بە 32 هەزار و 553 لیرەی مانگانەیە.
 
لەگەڵ زیادکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە، هێڵی هەژاری بۆ 106 هەزار و 942 لیرە بەرزبووەتەوە.
 
ئاستێکی نوێ لە تێچووی ژیان
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە کاریگەریی خەرجییە بنچینەییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، نیشتەجێبوون، گواستنەوە و گەرمکردنەوە لەسەر کۆی تێچووەکان کراوە. بەو جۆرە کۆی خەرجیی مانگانەی پێویست بۆ ژیانێکی شایستە بۆ خێزانێکی چوار کەسی، سنووری 100 هەزار لیرەی تێپەڕاندووە و گەیشتە ئاستێکی نوێ.
 
داتاکان دەریدەخەن کە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ چینێکی بەرفراوانی کۆمەڵگە رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت.
 
بەرزترین خەرجی بۆ خۆراکە
 
بەگوێرەی داتاکانی خەرجیی رۆژانە کە لەم لیکۆڵینەوەیەدا هاتووە، بەرزترین تێچوو بۆ سەوزە و میوەیە کە 284 لیرەیە (6.4 دۆلار)، دواتریش شیر و ماست بە 222 لیرە (نزیکەی 5 دۆلار) لە پلەی دووەمە. شیر و بەرهەمەکانی بە 328 لیرەی رۆژانە و بە رێژەی 30.3% لە پلەی یەکەمدان. خەرجیی رۆژانەی گۆشت بە 194 لیرە و نان بە 84 لیرە تۆمارکراون.
 
تێچووی خۆراکی تاکەکەسییش زیادی کردووە
 
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، تێچووی خۆراکی مانگانە لەسەر ئاستی تاکیش گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، بە جۆرێک خەرجیی خۆراکی مانگانە بۆ پیاوێکی پێگەیشتوو بە 8 هەزار و 879 لیرە (نزیکەی 2 هەزار دۆلار) و بۆ ژنێکی پێگەیشتوو بە 8 هەزار و 522 لیرە (نزیکەی 190 دۆلار) دیاریکراوە.
 
هەروەها تێچووی گەنجێکی تەمەن 15-18 ساڵ بۆ 9 هەزار و 135 لیرە و منداڵێکی تەمەن 4-6 ساڵ بۆ 6 هەزار و 17 لیرە بەرزبووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە