رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی زێڕ لە یەکەم کاژێری کرانەوەی بازاڕەکاندا دابەزی بۆ کەمتر لە 3325 دۆلار کە کەمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووە، بەڵام زۆری نەخایاند و لەدوای چەند کاژێرێک، نرخی زێڕ ئاراستەی خۆی گۆڕی و بەڕێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە بۆ 3345 دۆلار.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی 12ـی ئەم ساڵدا بە هەمان رێژە بەرزبووەوە و بە 3391 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) رایگەیاند، "نرخی زێڕ بە دابەزین کرایەوە، بەڵام لە نزیک ئاستەکانی 3330 دۆلار، کڕیاران توانییان بازاڕ بەدەستەوە بگرن و نرخەکەی بەرزبکەنەوە."
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، دابەزینی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا کە دابەزینی بەهای دۆلاری بەدواوە هات، بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
ئەمڕۆ سەرکردەکانی ئەورووپا بڕیارە پێکەوە بەشداریی کۆبوونەوەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکەن لە کۆشکی سپی و بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ لە ئۆکراینا.
بەپێی هەندێک سەرچاوە، رووسیا ئامادەیە دەستبەرداری هەندێ لەو ناوچانە بێت کە دەستی بەسەرداگرتوون و هێشتا شەڕ تێیدا بەردەوامە. بەڵام ئۆکرایناش دەبێت دەستبەرداری هەندێ لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بێت.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی راپرسییەکان، بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بە ئەگەری زۆرەوە لە مانگی داهاتوودا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات و تاوەکو کۆتایی ساڵیش جارێکی دیکە سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.
ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە بۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ